پـۆلیسی تورکیا ڕێگەی نەدا گردبوونەوەیەک لە ئستەنبوڵ ئەنجامبدرێت بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە ساڵی 1915 بە دەستی عوسمانیـیەکان.
پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ئەمڕۆ چوارشەممە نزیکەی 100 کەس، لە نێویاندا کەسانی فەڕەنسی و ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا، هەوڵیان دا لە ئستەنبوڵ بۆ ئەم مەبەستە گردببنەوە، بەڵام پـۆلیس ڕێگەی پـێنەدان.
بەنجامین ئابتان کە یەکێک بوو لەوانەی هەوڵیان دابوو گردبوونەوەکە ئەنجام بدەن، گوتی " بۆ ماوەی 9 ساڵ لێرە ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکرایەوە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە دەوڵەت ڕێگریمان لێبکات."
زۆربەی ئەرمەنەکان دەڵێن بەر لەوەی ئیمپـراتۆریەتی عوسمانی هەرەسبهێنێت، عوسمانیـیەکان نزیکەی 1.5 ملیۆن ئەرمەنیان کوشتووە. ژمارەیەک لە مێژووناسانی زیاتر لە 20 وڵات، لەوانە فەڕەنسا و ئیتالیا و ڕووسیا دەڵێن ئەوەی ڕووی دا جینۆساید بووە.
بەڵام ئەنکەرە ڕەتیدەکاتەوە دەستەواژەی جینۆساید بۆ کۆمەڵکوژیـیەکە بەکاربهێنرێت، دەڵێت شەڕێکی ناوخۆ بووە و بەهۆیەوە لە نێوان 300 هەزار هەتا 500 هەزار ئەرمەنی کوژراون و هەمان ژمارەش لە تورکەکان کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە فەڕەنسا ئەمڕۆ ڕۆژێکی نیشتمانی هەیە بە ناوی "ڕۆژی جینۆسایدی ئەرمەنەکان" ، ئەمەش دەسەڵاتدارانی تورکیای توڕەکردووە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە گوتی ئەوانەی هەوڵ دەدەن وانەی مافەکانی مرۆڤ بە تورکیا بدەن، ڕابردوویان بە خوێن سوورە. گوتیشی فەڕەنسا کە موسڵمانانی جەزائیری کوشتووە ناتوانێت وانە بە تورکیا بڵێتەوە.