Accessibility links

ڕێکخراوی ئەمنستی داوا لە تورکیا دەکات ڕێگە بە خەڵکی سوور بدات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان


ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە ڕێگە بە 24 هەزار کەسی خەڵکی ناوچەی سووری ئامەد بدات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان کە بەهۆی هێرشی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر لایەنگرانی پەکەکە لە ناوچەکەیان ئاوارەبوون.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە ڕاپـۆرتێـکی لەسەر ڕەوشی ئەو خەڵکە لێقەوماوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت 95% ی ئەو 24 هەزار کەسەی خەڵکی سوور کە ئاوارەن، خوازیارن بۆ ماڵەکانیان بگەڕێنەوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات زیاتر لە 2 هەزار ماڵ لە سوور وێرانکراون.

لەوەتای مانگی دوازدەی ساڵی 2015 وە هەتا ئێستا حکومەتی تورکیا قەدەغەی هاتوچۆی بەسەر ئەو ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری ئامەد سەپاندووە کە لە شەش گەڕەک پـێکهاتووە.

بەپـێی ڕێکخراوەکە لەوەتای لە هاوینی ساڵی 2015 شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەت و پەکەکە دەسـتیپـێکردووەتەوە، نزیکەی 500 هەزار کەس لە ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا ناچارکراون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.

XS
SM
MD
LG