ئاژانسە هەواڵییەکانی تورکیا بڵاویانکردەوە لەم هەفتەیەدا و لەماوەی چوار ڕۆژدا 33کەس لە ئەستەنبوڵ بەهۆی خواردنەوەی مەی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە و 48 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانەکان چارەسەر کراون. ئەم ڕووداوە وایکردوە مشتومڕە سیاسییەکە لەسەر بەرزبوونەوەی باجی کحول و مەی لە تورکیا زیندوو ببێتەوە.
زیادبوونی حاڵەتەکانی گیان لە دەستدان بەهۆی خواردنەوەی خواردنەوە کحولییە نایاساییەکانەوە بوونە سەردێڕ لە تورکیادا، لە وڵاتێکدا کە باجی سەر خواردنەوە کحولییەکان لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوون، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی خواردنەوە کحولییە ساختە نایاساییەکان.
میدیایەکی ناوخۆیی باس لەوە دەکات چەندین کەس لە قوربانییەکان دوای ئەوە گیانییان لە دەستداوە کە کحولییان لە دوکانێک کڕیوە کە خۆی وەکو ڕێستۆرانتێکی تورکی پیشان داوە و خواردنەوە کحولییەکەی لە بوتڵی ئاوی نیو لیتریدا فرۆشتووە بە 30 لیرە.
ئەگەر ئەمە بەراورد بکەیت، کڕینی بوتڵێک خواردنەوەی کحولی ڕاکی لە سوپەرمارکێتێک 1300 لیرەیە (37.20 دۆلار) بۆ هەر لیترێک، لە وڵاتێکدا کە کەمترین مووچە بۆ 600 دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئەو نرخانە کە کە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا زیاترە، بوونەتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی کحولی نایاسایی و بڵاوبوونەوەی ئەو خواردنەوانە بە شێوەیەکی نایاسایی.
موستەفا ئەدیگوزێلی پەرلەمانتاری پارتی چەهەپەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا وتی " ساڵانە لانیکەم 500 کەسمان گیان لە دەست دەدەن بەهۆی کحولی ساختەوە. ئەوە کۆمەڵکوژییە، ئەو کوشتنی خەڵکەکەیە بە کۆمەڵ و هۆکارەکەشی زۆریی باجە."
وتیشی " دەبێت باس لە گرانی بەرچاویی نرخەکانی کحول بکەین."
ژەهراویبوون بە کحولی ساختە لە تورکیا شتێکی باوە، کە لەوێ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە کحولانە زۆر بەربڵاوە.
جاگین تان ئیرۆگلۆ کە بە هاوبەشی بەڕێوبەرایەتی ڕێکخراوێک دەکات کە چاودێری سیاسەتە گشتییەکانی سەر کحول دەکەن، دەڵێت ژمارەی گیان لە دەستدانەکان " بەرز دەبنەوە " لە ئەنجامی زیادبوونی باجدا.
ئۆفیسی فەرمانڕەوای ئیستەنبوڵ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت ساڵی ڕابردوو 48 کەس لە ئیستەنبوڵ دوای خواردنەوەی کحولی ساختە گیانییان لە دەستداوە.
ئیرۆگلۆ وتی " باجەکان ڕێگە بە حکومەت دەدەن پارەی ئاسان کۆبکەنەوە و هاوکات بە شێوەیەکی سیاسیی شێوە ژیانێک سەرکوت دەکەن."
وتی " بەڵام خەڵکەکە دەمرن بەهۆی سیاسەتی نابەرپرسانەوە کە بە ئاشکرا دیارە هۆکارەکەی ئایدیۆلۆژیایە."
باج لەسەر ڕاکی، کە لە ساڵی 2002 دا خرایە سەری لەو کاتەدا کە پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتە دەست، لە ساڵی 2010 ەوە لە سەدا زیاتر لە 2,500 زیادی کردووە، ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەش ناتوانیت هۆکارەکەی تەنها بۆ هەڵاوسانی ئابووری بگەڕێنیتەوە کە نرخەکانی ناچار کردووە زۆر زیاتر بن.
ئۆزگور ئایباسی سەرۆکی ئەنجومەنێک کە نوێنەرایەتی دوکانەکانی تێکیل دەکات کە کحول دەفرۆشن دەڵێت ئەوەی لە تورکیا ڕوودەدات لە هیچ وڵاتێکدا ڕوونادات، " ئەمڕۆ دەتوانیت تەنانەت لە ڕێستۆرانتە بە ناوبانگەکانیش کحولی ساختەت دەستبکەوێت."
وتی " سیاسەتە خراپەکانی حکومەت هۆکاری سەرەکین بۆ مردنی خەڵکەکە." وتیشی ئەو کەسانەی کە کحول دەخۆنەوە وەکو " هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."
سەرچاوە/ فرانس پرێس