Accessibility links

تورکیا 22 خوێندکار لەسەر عەفرین دادگایی دەکات


22 خوێندکاری زانکۆیەکی ئستەنبوڵ کە ناڕەزایـیان دەربڕیبوو لە دژی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، ئەمڕۆ چوارشەممە دادگایی کران بە تۆمەتی پـڕوپاگەندە بۆ تێرۆرزم.

چواردە لەو خوێندکارانە خراونەتە زیندانەوە لەوەتای لە 19 ی مانگی سـێـیەوە لە دوای ناڕەزایەتیـیەکەیان لە ناو زانکۆی بۆغازیچی دەسـتگیرکران.

ناڕەزایـیەکە لەوەوە دەسـتیپـێکردبوو کاتێک ژمارەیەک خوێندکار لە ناو زانکۆکە نوقڵ و شیرینیان دابەشکردبوو بەبۆنەی هێرشی وڵاتەکەیان بۆ سەر عەفرین. لە بەرامبەردا ژمارەیەک خوێندکاری دیکە بێزاری خۆیان دەربڕیبوو و دروشمێکیان بەرزکردبووەوە کە لەسەری نووسرابوو"شیرینی چی بۆ داگیرکاری و کوشتنکاری."

پاشان پـێکدادان ڕوویدابوو و پـۆلیس هاتبووە ناو زانکۆکە و ژمارەیەکی لە خوێندکارەکان دەسـتگیرکرد. چەند ڕۆژێک پاش ڕووداوەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەو خوێندکارانەی بە تێرۆرست ناودێرکرد و گوتی دەبێت لە زانکۆ دەربکرێن.

داواکاری گشتی تورکیا خوێندکارەکان تاوانباردەکات بەوەی هەوڵی شێواندنی ناوبانگی لەشکر و دەوڵەتیان داوە و پـڕۆپاگەندەیان بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە.

بەڵام شوکران یارەن تونجەر کە یەکێکە لە خوێندکارە دەسـتگیرکراوەکان، ئەمڕۆ بە دادگاکەی گوت " نە توندوتیژیم کردووە و نە پـڕوپاگەندەم بۆ پەکەکە کردووە، گوتوومە با شان بە شان بین لە دژی فاشیزم، نەخێر بۆ شەڕ بەڵێ بۆ ئاشتی."

دۆغوش‌جان ئایدن ئایگیون پارێزەری خوێندکارەکان بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەگەربێت و تۆمەتی پـڕوپاگەندە بۆ پەکەکەیان بەسەردا ساغبکرێتەوە، ئەوا شیانی هەیە سزای زیندانی هەتا 5 ساڵ بدرێن.

هاوکات دەیان کەس لە بەردەم بینای دادگاکە گردبوونەوە و چەند دروشمیان بەرزکردەوە، لەوانە"ئازادی بۆ بۆغازیچی" مافی فێربوون نابێت قەدەغەبکرێت."

جێی ئاماژەیە دەسەڵاتدارانی تورکیا لە میانەی هێرشی سەر عەفرین بە سەدان کەسیان دەسـتگیرکرد بە تۆمەتی پـڕوپاگەندە بۆ تێرۆرزم.

XS
SM
MD
LG