وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەو ڕاپـۆرتانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە دزی و تاڵانیـیان لە عەفرین کردووە.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میانەی چاوپـێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵوی وڵاتەکەی لە بارەی ڕاپـۆرتەکانی دزی و تاڵانی لە عەفرین پـرسیاری لێکرا و لە وەڵامدا گوتی" ناکرێت هێزەکانمان و ئەندامانی لەشکری سوریای ئازاد وەکو پەکەکە بن، ئێمە ڕێگە نادەین ئەوە ڕووبدات."
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا پاش ئەوە دێت ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ئەوەی پەیوەندی بە تۆڕێکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی BBC عەرەبی گوتی هەتا ئێستا نە ڕژێمی بەشار ئەسەد و نە داعش و نە گروپە شەڕەکەرەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەوەیان کردووە کە لە عەفرین کراوە بە دەستی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا. گوتیشی ژمارەیەکی زۆر بەڵگەی لەم بارەیەوە هەیە و هەموویان بڵاودەکاتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد تەنانەت ڕۆنی زەیتون و مۆبایلی دەستی خەڵکیشیان بردووە.
چاوشئۆغڵو لە درێژی چاوپـێکەوتنەکەی لەگەڵ ئانادۆڵو گوتیشی ئەگەربێت و هێزکانی یەپەکە لە مەنبج نەچنە دەرێ، ئەوا دەبێت تورکیا خۆی لەوێ کۆتایییان پـێبهێنێت. باسی لەوەش کرد ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەم بارەیەوە پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دەکات.