Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: تورکیا لە هێرشی سەر عەفرین بەردەوامە سەرەڕای بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت تورکیا جارێکی دیکە دەسـتیکردووەتەوە بە تۆپـبارانکردنی ناوچەکانی عەفرین، ئەمەش سەرەڕای بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست لە سوریا.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی تورکیا ناوچەکانی گوندی یاڵان قۆزی سەر بە شارۆچکەی جەندەێرسی باشوری ڕۆژئاوای عەفرینی تۆپـباران و بۆردومانکردووە و لە ئاکامدا 2 هاوڵاتی سیڤیل گیانیان لەدەسـتداوە. دەشڵێت دوێنێش فڕۆکە جەنگیـیەکانی تورکیا ئەو ناوچەیەیان بۆردومانکرد و 5 کەس گیانیان لەدەستدا.

هاوکات شەڕ و پـێکدادانەکان لە نێوان هێزەکانی تورکیا و یەپەگە بەردەوامبووە و کوژراو و برینداری زیاتر کەوتوونەتەوە، لەوانە 261 شەڕڤانی یەپەگە و 139 کەسی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە، لە بەرامبەردا 280 کەس لە هێزەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی کوژراون، لە نێویاندا 44 سەرباز.

دەشڵێت لە نێو کوژراوە سیڤیلەکان 27 منداڵ و 19 ژن هەن و هەروەها ژمارەیەک هاوڵاتی گولـلەباران کراون. لەگەڵ ئەمانەشدا بە سەدان کەسی دیکە لە هەردوولا برینداربوون.

کۆمەڵەکە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە و پەیوەندی بە توڕێکی گەورەی چالاکوانان لە سوریا هەیە، باس لەوەش دەکات لە ئێستادا هێزەکانی تورکیا و چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە توانیویانە لە تەواوی سنوورەکانی عەفرین لەگەڵ تورکیا پـێشڕەوی بکەن و 75 گوند و شارۆچکەی بلبلە کۆنترۆڵبکەن و نزیکبکەونەوە لە هەردوو شارۆچکەی جەندێرس و ڕاجۆ، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات هێزە کوردیـیەکان بەرگریـیەکی زۆر دەکەن و توانیویانە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی شێرە دووبارە کۆنترۆڵبکەنەوە.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن ئۆپەراسیۆنەکەیان بە ئامانجی نەهێشتنی یەپەگە و پەیەدەیە لە عەفرین و پاشان بەرەو مەنبج و بەشەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی یەپەگە هێرش دەکەن.

XS
SM
MD
LG