کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت سەرەڕای گەیشتنی هێزی سەر بە حکومەتی سوریا بۆ عەفرین، تورکیا لە بۆردومانی بە فڕۆکە و تۆپبارانکردنی ناوچەکانی عەفرین نەوەستاوە.
کۆمەڵەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی هەروەها نووسیویەتی شەڕ و پـێکدادانەکانی ئەمڕۆ زیاتر لە نزیک هەردوو شارۆچکەی شرا و جەندیرس بوون و هێزەکانی تورکیا هەوڵیان داوە زیاتر پـێشڕەوی بکەن.
پاشان نووسیویەتی لەوەتای لە 20 ی مانگی یەکەوە لەشکرکێشیـیەکە بۆ سەر عەفرین دەسـتیپـێکردووە، تورکیا توانیویەتی دەستبگرێت بەسەر شارۆچکەی بلبلە و 49 گوند کە دەکاتە زیاتر لە 14% ی گوندەکانی عەفرین.
لە لایەکی دیکە میدیا فەرمیـیەکانی حکومەتی سوریا، لەوانە ئاژانسی دەنگوباسی سانا، ڕاگەیاندنی کاربەدەسـتانی تورکیا ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن گروپی زیاتری هێزە میلـلەکانی سوریا گەیشتوونەتە عەفرین.