Accessibility links

لەسەر شەڕی عەفرین تورکیا 11 ئەندامی کۆمەڵەی پـزیشکانی وڵاتەکەی دەسـتگیردەکات


دەسەڵاتدارانی تورکیا 11 ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵەی پـزیشکانی وڵاتەکەیان دەسـتگیرکرد، ئەمەش پاش ئەوەی کۆمەڵەکە بەیانـنامەیەکی دەرکرد و تیایدا ڕەخنەی لە هەڵگیرساندنی شەڕ گرت.

هەفتەی ڕابردوو لە پاش دەسـتپـێکردنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین کۆمەڵەی پـزیشکانی تورکیا TTB لە بەیانـنامەیەکدا باسیان لەوە کرد شەڕ هیچ ئەنجامی باشی لێ‌ناکەوێتەوە جگە لە ماڵوێرانی و زیان بە کۆمەڵگە. داواشیانکرد شەڕ ڕابگیرێت و ئاشتی لە هەموو شوێنێک بێتەدی.

ئەم ڕاگەیاندنە بووە مایەی ناڕەزایی کاربەدەستانی تورکیا. هەر بۆیە دوێنێ دووشەممە وەزارەتی تەندروستی تورکیا گوتی سکاڵایان لە دژی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵەکە تۆمارکردووە بە تۆمەتی کارکردن لە دژی یاسا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت هەر 11 ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی کۆمەڵەکە دەستگیرکراون، لەوانە ڕاشد توکەل سەرۆکی کۆمەڵەکە. ئەم کۆمەڵەیە کە لە ساڵی 1953 وە دامەزراوە نزیکەی 80% ی پـزیشکانی تورکیا تیایدا ئەندامن.

داواکاری گشتی تورکیا لێکۆڵینەوەی لە دژی کۆمەڵەکە دەسـتپـێکرد پاش ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا هێرشی کردە سەریان و گوتی ئەوانەی پـێیان دەڵێن کۆمەڵەی پـزیشکان عاشقی تێرۆرستانن. گوتیشی ئەوانە کەسانی ئەکادیمی نین بەڵکو کۆمەڵێک کۆیلەی بێ ئاگان کە خزمەتکاری ئیمپـریالیزمن."

ئەم کاردانەوە توندەی سەرۆکی تورکیا لە کاتێکدا لە بەیاننامەی کۆمەڵەکە هیچ ڕەخنەیەک لە حکومەت نەگیراو، ئەمەش دەقەکەیەتی:

" وەک پـزیشکان ئاگاداری دەدەین:
شەڕ کێشەیەکی تەندروستی گشتیـیە کە لە دەستکردی مرۆڤە و دەبێتە مایەی وێرانکردنی سروشت و مرۆڤایەتی، وە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگە دروست دەکات.

هەر پـێکدادانێکی چەکداری، هەر شەڕێک، مەینەتی بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێت لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک کێشە کە ناتوانرێت چارەسەربکرێن لە ڕووی تەندروستی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی.

ئێمەش وەکو ئەندامانی پـیشەیی کە سوێندمان خواردووە ژیانی خەڵکی ڕزگاربکەین، بەردەوام یەکەم و گرنگترین شت لەبەر چاومانی دادەنێین داکۆکیکردنە لە ژیان و پابەندبوون بە پاراستنی ژینگەی ئاشتی.

ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی شەڕ بەوە دەکرێت کە ژیانێکی دادپەروەر و دیموکرات و هاوسەنگ و ئازاد و ئاشتیانە دەستەبەربکرێت.

نەخێر بۆ شەڕ، بەڵێ بۆ ئاشتی لە هەموو شوێنێکدا.

ئەنجومەنی ناوەندی
کۆمەڵەی پـزیشکانی تورکی"

جگە لەم کۆمەڵەیە زیاتر لە 170 وەزیری پـێشوو و ئەکتەر و نووسەر هەفتەی ڕابردوو نامەیەکیان واژوکرد و تیایدا داوادەکەن کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت.

XS
SM
MD
LG