سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرتەوە لەسەر پشتیوانیکردنی هێزە کوردیـیەکانی سوریا کە ئەنکەرە بە تێرۆرست ناودێریان دەکات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکیدا لە ناوچەی ئەرزڕومی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گوتی" ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت لەگەڵماندا لە دژی تێرۆرزم کاربکات، ئەوا دەبێت سەرەتا تێرۆرستان لە ڕۆژهەڵاتی فورات دەربکات." ئەمەش مەبەستی هێزەکانی پاراستنی گەلە (یەپەگە).
جەختی لەوەش کرد ئەوان بەرەو مەنبج دەڕۆن و گوتی " ئێستا لە لایەک خاڵەکانی چاودێریمان لە ئیدلیب زیاد و توندتر دەکەین و لە لایەکی دیکە بەرەو مەنبج دەڕۆین."
جارێکی دیکەش ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرتەوە لەسەر پـڕچەککردنی هێزەکانی یەپەگە و گوتی"بەبێ بەرامبەر هەموو جۆرە چەکێک بەو ڕێکخراوە تێرۆرستیـیە دەدەن، بەڵام بە پارەش بە ئێمەی نافرۆشن، ئینجا دێن و دەڵێن پشتیوانی لە تێرۆرزم ناکەین، ئێ ئەمە چۆن دەبێت، دەکرێت بۆمان ڕوونبکەنەوە؟"
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە هێشتا نازانێت سیاسەتی مایک پـۆمپـیۆ، ئەوەی سەرۆک ترامپ بۆ پـۆستی وەزیری دەرەوە دەسـتنیشانیکردووە، لەم بارەیەوە چۆنە.
پاشان ڕەخنەی توندی لە پەرلەمانی ئەوروپا گرت لەسەر ئەو داوایەی کردویەتی بۆ ڕاگرتنی هێرشی سەر عەفرین و گوتی "ئێوە لە کەیەوە مۆڵتتان پـێداروە ئامۆژگاری ئەم میللەتە بکەن؟ ئەو ئامۆژگاریـیانە بۆخۆتان هەڵبگرن."
گوتیشی " ئەوە ئێمەین 7 ساڵە 3.5 ملیۆن سوریمان گرتووەتە خۆمان، ئەگەر دەرگاکانمان بکردایەتەوە و بۆمان ڕەوانەبکردنایە، ئەوا کون نەدەما خۆتانی تیادا حەشاربدەن، ئینجا ئەو کاتە لێمان دەپاڕانەوە دەرگاکانمان نەکەینەوە."
سەرۆکی تورکیا جەختی کردەوە وڵاتەکەی لە هێرشی سەر عەفرین بەردەوام دەبێت و گوێ بە هیچ داوایەکی نێودەوڵەتی نادات.