جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت ئامادەکاریـیە لەشکریـیەکانیان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کارێکی ڕەوایە لە دژی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەریان هەبێت لە لایەن هێزە کوردیـیەکانەوە.
نوعمان قورتولموش ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت ئەم هێزانەی لە ناوچەکە کۆیانکردوونەتەوە مانای ڕاگەیاندنی شەڕ نیـیە، بەڵکو ئامادەکاریـیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتەکەیان. گوتی دەستە وەستان نابن لە بەرامبەر ئەوانەی موشەک لە عەفرینەوە دەنێرن، بۆیە تورکیا کاردانەوەی دەبێت لە بەرامبەر هەر کارێـکی دوژمنکارانە لە دژی بکرێت.
گوتیشی ئامانجی سەرەکی یەپەگە هەڕەشەکردنە لە تورکیا و ئەگەربێت و تورکیا جموجۆڵێـکی یەپەگە لە باکوری سوریا ببینێت، ئەوا بە هەمان شێوە وەڵامدانەوەی دەبێت.
پاشان ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت لەسەر پـڕچەککردنی یەپەگە و گوتی ئەمەریکا نەک ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی لە باکوری سوریا پـێـکهێناوە، بەڵگو لەشکرێـکی بچوکیش. گوتیشی پـێشتر ڕووی نەداوە چەک بە گروپێـک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدرێت و پاشان بیگەڕێنێتەوە.
هەروەها قورتولموش لە بەشێـکی قسەکانی ئاگاهی دا لە مەترسی ڕوودانی پاکتاوی نەژادی بە دەستی هێزەکانی یەپەگە لە ناوچەی تەل ڕفعەتی ڕۆژهەڵاتی عەفرین و دانیشتوانە عەرەب و تورکمانەکەی دەربکەن.
جێی ئاماژەیە سیپان حەممۆ فەرماندەی گشتی هێزەکانی یەپەگە گوتویەتی تورکیا هێزێـکی وەهای لە نزیک عەفرین کۆکردووەتەوە کە دەگاتە ئاستی ڕاگەیاندنی شەڕ.