Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت تورکیا هێشتا دەیەوێت ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ بەڕێوەبەرێت


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی تورکیا هێشتا دەیەوێت ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ بەڕێوەبەرێت.

تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە گفتوگۆدا بوو لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بەوەی هێزە سەدان هەزار سەربازییەکەی لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی کابوڵ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەو وڵاتەدا.

بەڵام لەم هەفتەیەدا سەرچاوەکانی تورکیا بە ڕۆیتەرزیان وت تورکیا لە پلانەکەی بۆ بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی کابوڵ پاشگەزبۆتەوە بەهۆی ئەو بێسەروبەرییەوە کە لە کابوڵدا هەیە، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا ئەگەر تاڵیبان داوای یارمەتی لە تورکیا بکات ئەوا ئەنقەرە ئامادەیە لەڕووی تەکنیکی و ئاسایشەوە پشتیوانیان بکات لە فڕۆکەخانەکەدا.

ئەردۆغان وتی " لەگەڵ ئەوەدا کە تاڵیبان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کرد، وێنەیەکی نوێ لەبەردەمماندا دەرکەوت، ئێستا پلانەکانمان بەپێی ئەم واقیعە نوێیە دادەڕێژین و بەو پێیەش بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکانمان."

تورکیا لەم ماوەیەدا بەردەوام بووە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا، ئەردۆغان پێشوازی لە لێدوانەکانی تاڵیبان کرد و بە لێدوانی ماقولانە ناودێریکردن.

ئەردۆغان وتی " لەپێناو ئارامبوونەوەی گەلی ئەفغانستان و باشیی ڕەوشی ئەو تورکانەی لە ئەفغانستان دەژین و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان دەکەن، کراوەین بەڕووی هەر هاریکارییەکدا." هەروەها دووبارە جەختی لە پێشنیارەکانی کردەوە بۆ میوانداریکردنی ڕابەرانی تاڵیبان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵیاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG