دادگاییکردنی دەیان کەسانی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ لە تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە دەسـتیپـێکردووە بە تۆمەتی پـڕۆپاگەندە بۆ تێرۆرزم، ئەمەش لەسەر ئەوەی نزیکەی 2 ساڵ لەمەوبەر یاداشتنامەیەکیان واژوکرد و تیایدا داوایانکرد لەشکر کۆتایی بهێنێت بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە کوردیـیەکان و کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بکرێت.
ساڵی 2015 زیاتر لە 1120 مامۆستای زانکۆ و کەسانی ئەکادیمی تورکی و بیانی یاداشتنامەکەیان واژوکرد، دەڵێن ویستوویانە پەیامێکی سیاسی بگەیەنن بە مەبەستی بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵام داواکاری گشتی تورکیا 146 کەسیانی تاوانبارکردووە بەوەی پـڕۆپاگەندەیان بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10 کەس لەوانە کە مامۆستا و ئاکادیمی هەردوو زانکۆی ئستەنبوڵ و گالاتاساراین برانە دادگای ئستەنبوڵ و لەوێ دادوەر پـرسیاری لێکردن بە ئامادەبوونی دیپـلۆماتانی ئەوروپایی، لەوانە باڵیۆزی فەڕەنسا.
هەریەک لەو کەسانەی دادگایی دەکرێن ماوەی 10 خولەکیان بۆ داناون پـرسیاریان لێبکرێت و وەڵامی خۆیان بدەنەوە. پـێشبینی دەکرێت ئەم پـرۆسەی دادگاییکردنە بەلایەنی کەم هەتا مانگی چوار بەردەوامببێت. داواکاری گشتی داوایکردووە هەریەک لەو کەسانە بە جودا دادگاییبکرێن سەرەڕای ئەوەی هەموویان بە یەک کەیس تۆمەتبارکراون.
پارێزەری مامۆستاکان گوتی یاداشتنامەکەی واژوکراوە لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین بووە، بۆیە پـێویستە دەسـتبەجێ ئەم مامۆستا و ئەکادیمیانە بەبێ تاوانبار بڕیاریان لەسەربدرێت.
هاوکاتی دادگاییکردنەکە ژمارەیەک لە خوێندکارانی مامۆستاکان لەبەردەم دادگاکە گردبووبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی و دروشمیان بەرزکردەوە کە لەسەریان نووسرابوون "دەست بۆ پـرۆفیسۆرکەم مەبە!"
هێشتا هیچ کام لەو مامۆستا و ئەکادیمیانە دەسـتگیر نەکراون، بەڵام ئەگەربێت و دادگا بە تاوانکاریان دابنێت، ئەوا ڕەنگە سزای هەر یەکەیان بگاتە نزیکەی 7 ساڵ و نیو زیندانی.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW دەڵێت ئەم دادگاییکردنەی ئەمڕۆ پـێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕینە و هەروەها بەکارهێنانێکی خراپی یاساکانی دژە تێرۆرە.