ئۆپۆزسیۆنی سۆماڵ ڕایگەیاند پەیامێکیان بۆ تورکیا ناردووە و تیایدا داوایان لێکردووە چەک نەنێرێت بۆ یەکەیەکی تایبەتی پۆلیس، ئەمەش لە ترسی ئەوەی سەرۆکی سۆماڵ محەمەد عەبدوڵا محەمەد بۆ " قۆرخکردنی " هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەکاری بهێنێت.
لە ئێستادا سۆماڵ ڕووبەڕووی گرژییەکی سیاسیی گەورە بۆتەوە و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە توڕەن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پەرلەمانی وڵاتەکە.
سەرەتا وابڕیاربوو لەم مانگەدا هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام دوای ناکۆکییەکان لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هەڵبژاردنەکان، کاتەکەی دواخرا.
لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە ڕۆژی سێشەممە لە مەقدیشۆی پایتەختی سۆماڵ ناڕەزاییان دژی دواخستنەکە دەربڕی و ڕێپێوانیان دژی سەرۆکی وڵاتەکە کرد.
کاندیدەکانی ئۆپۆزسیۆن پەیامێکیان ئاڕاستەی نوێنەری تورکیا لە سۆماڵ کرد و تیایدا وتوویانە ئاگاداری ئەوەن تورکیا بەنیازە لە 16 و 18 ی مانگی دوانزەدا هەزار چەکی جی 3 و 150 هەزار فیشەک بداتە یەکەی هەرمعدی تایبەتی پۆلیسی سۆماڵ.
لە پەیامەکەیاندا هاتووە دەڵێت " کاندیدەکان نیگەرانن سەبارەت بە پێدانی ئەو چەکە زۆرە لەکاتێکدا وڵاتەکە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی هەستیاردایە."
دەشڵێت سەرۆکی سۆماڵ " هێزی تایبەتی هەرمعدی بەکارهێناوە بۆ قۆرخکردن و ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمەکاندا، بۆیە هیچ گومانێک نیە لەوەدا کە هێزی هەرمعد دووبارە ئەو چەکانەی تورکیا بۆ هەمان مەبەست لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەکاردەهێنێت."
تورکیا مەشق بەم هێزە تایبەتیەی پۆلیسی سۆماڵ دەکات، لە پەیامەکەدا داوا لە تورکیا کراوە ڕادەستکردنی ئەو چەکانە دوابخات تاوەکو هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز