Accessibility links

ئەردۆگان: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاقیکردنەوەیەکە بۆ ڕاستگۆیی یەکێتی ئەوروپا


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا شاڕڵ میشێلی وت هەڵوێستی یەکێتیەکە بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ ڕاستگۆیی یەکێتی ئەوروپا و داواشی لە یەکێتیەکە کرد هەڵوێستێکی بێلایەنیان هەبێت لە ناکۆکیەکانی نێوان تورکیا و یۆناندا.

یۆنان و تورکیا لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گرژدان لە ڕۆهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەکاتێکدا تورکیا هەوڵ دەدات لەو ناوچەیە نەوت و گاز دەربهێنێت و یۆنانیش خۆی بە خاوەنی ناوچەکە دەزانێت. ئانکەرە دەڵێت مافی تەواوی هەیە لە سەرچاوەکانی وزەی ناوچەکە و یۆنان تاوانبار دەکات بەوەی هەوڵ دەدات دەستبگرێت بەسەر ئەو سەرچاوانەدا.

ئۆفیسی سەرۆکی تورکیا لە زاری ئەردۆگانەوە بڵاویکردەوە هەڵسوکەوت و لێدوانەکانی سیاسەتمەدارانی ئەوروپا لە بابەتەکانی ئاسایشی ناوچەکەدا هیچ سوودێکیان نیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر.

وتی " سەرۆک ئەردۆگان دەڵێت هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ ڕاستگۆیی یەکێتیەکە و جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی و پابەندبوون بە ئاسایشی ناوچەکەوە."

وتیشی " سەرۆک داوای لە دامودەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام کردووە لە بابەتەکانی ناوچەکەدا بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپرسانە مامەڵە بکەن و بێلایەنانە بڕیار بدەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG