وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند تورکیا و یۆنان لە 25 ی مانگی یەکدا وتوێژەکانی نێوانیان بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییە دەریاییەکانی نێوانیان دەستپێدەکەنەوە.
ئەم ڕاگەیەندراوەی تورکیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی هات ئەنقەرە داوای لە ئەسینا کرد وتوێژەکانیان سەبارەت بە ناکۆکییە درێژخایەنەکەی نێوانیان لەسەر سەرچاوەکانی وزە لە دەریای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستپێبکەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " خولی 61 ەمی دانوستانەکان لە 25 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 دا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت." جێی ئاماژەشە لە ساڵی 2016 ەوە دانوستانەکانی نێوانیان ڕاگیراوە.
ئەم پێشنیارەی تورکیا مانگێک دوای ئەوە هات یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا سزا بەسەر کۆمەڵێک کەسایەتی تورکیادا بسەپێنێت وەکو وەڵامێک بۆ " چالاکییە وروژێن و تاکلایەنەکانی تورکیا " لە ناوچە ئاوییە جێناکۆکی لەسەرەکانی نزیک قوبرس و یۆنانەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس