Accessibility links

دادگایەکی تورکیا ڕۆژنامەنووس جان دوندار بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە سیخوڕی و تیرۆر تاوانبار دەکات


دادگایەک لە شاری ئەستەمبوڵ ڕۆژی چوارشەممە بە تاوانی "بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی نهێنی بۆ سیخوڕی" و " هاوکاری بەئەنقەستی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بە بێ ئەندامێتی" 27 ساڵ و نێو سزای زیندانی کردنی بە سەر دوندار سەپاند. پارێزەرانی دوندار بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە دادگاکەدا ئامادە نەبووبوون و گوتیان کە پرۆسەی دادپەروەرییەکە بێلایەنی دادوەرییان پێشێل کردووە.

دوندار، سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی جمهوریەت بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکیەوە لە ساڵی 2015 دا بڕیاری دادگایی کردنی درا. ڕاپۆرتەکەی ناوبراو دەزگای ئاسایشی تورکیای تۆمەتبارکرد بە ناردنی چەک بە شێوەی نایاسایی بۆ سوریا.

دوندار لە ساڵی 2016دا هەڵهات بۆ ئەڵمانیا و دادگاییکردنەکە بە غیابی بەڕێوەچوو.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڤیدیۆیەکی ساڵی 2014 هەبووە کە تێیدا پیاوان بە جلی پۆلیس و جلی ئاساییەوە خەریکی کردنەوەی هەندێ سندوقن و لە ڤیدیویەکی دیکەدا بارهەڵگرەکە پڕ بوو لە چەک و هاوەن. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەو هەواڵە تووڕە دەبێت و دەڵێت کە بارهەڵگرەکان یارمەتییان بۆ گروپە تورکمانەکانی سوریا گواستوەتەوە.

دوندار تۆمەتبارە بە یارمەتیدانی تۆڕی فەتحوڵا گولەن، کە ئەنکەرە دەڵێت لە پشت کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016وە بووە. دارایی و سەرمایەکانی دوندار لە تورکیا لەلایەن حکومەتەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور تورکیای لە پرسی ئازادی میدیا و ڕۆژنامەوانیەوە لە ڕیزبەندی 180وڵات دەخاتە پلەی 154 لە ساڵی 2020 دا.

XS
SM
MD
LG