Accessibility links

ڕێکخراوی HRW : حکومەتی تورکیا ڕێگە نادات لێکۆڵینەوەی بێ لایەن لە ڕاپـۆرتی کوشتنکاریـیەکانی ناوچە کوردیـیەکان بکرێت


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت حکومەتی تورکیا ڕێگە نادات لێکۆڵینەوەی بێ لایەن ئەنجام بدرێت سەبارەت بەو ڕاپـۆرتانەی دەڵێن هێزەکانی حکومەت لە ناوچە کوردیـیەکان بە کۆمەڵ خەڵکی سیڤیلیان کوشتووە.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە لەگەڵ کۆمەڵێـک زانیاری بە وێنەوە و دەشڵێت ئەو ڕاپـۆرتانەی پـێـیان گەیشتوون ئاماژە بۆ کوشتنی نایاسایی خەڵکی سیڤیل دەکەن بە دەسـتی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا و هەروەها خەڵک بە زۆر لە شوێنەکانیان ڕاگوێزراون و ماڵ و حاڵیان وێرانکراوە.

باس لەوە دەکات پـێشێلکاریـیەکانی حکومەت لە هاوینی ساڵی ڕابردووە دەسـتیپـێکردووە پاش نەمانی ئەو ئاگربەستەی بۆ ماوەی 2 ساڵ لە نێوان هێزەکانی حکومەت و پەکەکە درێژەی کێشابوو. دەڵێت قەدەغەی هاتوچۆ کە بەسەر ناوچەکەدا سەپێندرابوو وایکردبوو کەم ڕاپـۆرتی بێ لایەن دەسـتبکەون کە لە لایەن میدیا و ڕێـکخراوە نێودەوڵەتیـیەکانەوە لەسەر ڕەوشەکە ئامادەکرابوون.

پاشان ڕێکخراوەکە دەڵێت بەهۆی پـێـکدادانەکانەوە 9 شارۆچکە لە نێویاندا جزیرە زۆر زیانیان پـێگەیشتووە. بە لایەنی کەم 338 کەسی سیڤیل کوژراون و زیاتر لە 355 هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەربوون.

هەروەها زانیاریـیان لە بەردەسـتدایە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هێزەکانی ئاسایش گەمارۆی سێ بینایان دابوو و بە مەبەست و بەبێ هیچ پاساوێـک نزیکەی 130 کەسیان کوشتووە کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.

XS
SM
MD
LG