سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ ڕایگەیاند تورکیا ڕێکەوتووە لەسەر پشتیوانیکردن لە داواکانی سوید و فینلەندا بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ.
ستۆڵتنبێرگ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ناتۆدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " خۆشحاڵم ڕایدەگەیەنم ئێستا ڕێکەوتنێکمان هەیە کە ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم سوید و فینلەندادا بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ."
وتیشی " تورکیا و فینلەندا و سوید یاداشتنامەیەکیان واژۆ کردووە کە تیایدا باس لە نیگەرانییەکانی تورکیا کراوە، لەوانەش بابەتەکانی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا و شەڕی دژ بە تیرۆر."
هاوکات سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ ڕۆژی سێشەممە وتی تورکیا ڕازیبووە پشتیوانی لە داواکانی فینلەندا و سوید بکات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەمەش لە یەکەمین ڕۆژی کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز