Accessibility links

سەرۆکی تونس لە تەمەنی 92 ساڵی کۆچی دواییکرد


ئۆفیسی سەرۆکایەتی تونس ڕایگەیاند سەرۆکی وڵاتەکەیان کۆچی دواییکردووە لە نەخۆشخانەیەکی لەشکری وڵاتەکەیان.

ئۆفیسەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕێگەی فەیسبوکەکەیەوە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی" بەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە 25 ی مانگی حەوتی 2019 لە کاتژمێر 10:25 سەرۆک کۆمار محەمەد ئەلباجی قاید ئەلسەبسی لە نەخۆشخانەی لەشکری لە تونس کۆچی دواییکرد."

ئەلسەبسی کە تەمەنی 92 ساڵی بوو، بە دووەم گەورەترین ڕێبەری وڵاتێک دادەنرا لە پاش شاژنی بەریتانیا کە تەمەنی 93 ساڵە.

ئەلسەبسی چەند مانگێکی لە پـۆستەکەی مابوو وەک سەرۆکی وڵات و بە یەکەم سەرۆکی تونس دادەنرێت کە بە شێوەیەکی دیموکراتیانە هەڵبژێردرابێت. ساڵی 2014 تونسیـیەکان بە سەرۆکی خۆیان هەڵبژارد پاش 3 ساڵ لە ڕاپەڕین بەسەر زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی دکتاتۆری پـێشووی وڵاتەکەیان.

ئەم کەسایەتیـیە بە تەمەنەی تونس خاوەنی ئەزمونێکی گەورەی سیاسی بوو و لە سەردەمی سەرۆک حەبیب بورقێبەوە لە ساڵی 1956 لە نێو حکومەتدابووە بە پلەی وەزیری یەکەم.

سێ جاری دیکە لە پـۆستی وەزیردا بووە، لە ساڵی 1965 هەتا 1969 وەزیری ناوخۆ، لە 1969 هەتا 1970 وەزیری بەرگری، لە ساڵی 1981 هەتا 1986 وەزیر دەرەوە.

لە سەردەمی زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی لە ساڵی 1990 هەتا 1991 سەرۆکی پەرلەمان بوو.

بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا پەنجەی تاوانی بۆ درێژکراوە. دەستەی ناسراو بە " الحقيقة والكرامة" کە ڕاسپـێردراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بەرامبەر بە مرۆڤایەتی لە تونس کراون، لە مانگی چوار ئەلسەبسیـیان تۆمەتبارکرد بەوەی ئاگاداری بووە لە ئەشکەنجەدانی بەرهەڵستکارانی دەسەڵات.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ محەمەد ئەلناسر سەرۆکی پەرلەمانی تونس پـۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی کاتی بگرێتەدەست.

XS
SM
MD
LG