Accessibility links

تونس 2 کەس دەسـتگیردەکات کە پەیوەندیـیان بە گومانبارێکی تێرۆرست لە ئەڵمانیا هەیە


وەزارەتی ناوخۆی تونس دەڵێت 2 کەسی تێرۆرستی دەسـتگیرکردووە کە پەیوەندیـیان بەو تونسیـیەوە هەبووە ئەوەی مانگی شەش لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا بە تۆمەتی هەوڵی ئەنجامدانی کارێکی تێرۆرستی مەترسیدار.

سوفیان ئەلزعق گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تونس ئەمڕۆ هەینی ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ڕاگەیاند.

لە لایەکی دیکە سوفیان ئەلسڵیتی گوتەبێژی دادوەری دژە تێرۆری تونس بە فڕانس پـرێسی گوت هەردوو تۆمەتبارەکە براونەتە بەردەم دادوەری دادگاکەیان. گوتیشی لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە یەکێکیان هەوڵی دابوو پەیوەندی بە گروپە تێرۆرستیـیەکان لە سوریا بکات، بەڵام هەوڵەکەی سەری نەگرتبوو. پاشان لەگەڵ سەیفوڵڵا ڕێکەوتبوو هەر یەکەیان لە شوێنی خۆی هێرشێکی تێرۆرستی ئەنجام بدات. تۆمەتبارەکەی دیکە ڕاسپـێردرابوو پاسپـۆرتی ساختە بۆ سەیفوڵڵا پەیدا بکات تاوەکو لە وڵاتانی ئەوروپا هاتوچۆی پێبکات.

لە 12 ی مانگی شەش، پـۆلیسی ئەڵمانیا لە شاری کۆلۆنیا سەیفوڵڵای تەمەن 29 ساڵ و هاوسەرەکەی دەستگیرکرد و پاش پشـکنینی ئەپارتمانەکەی دەرکەوتووە ژەهری ڕایسنی دروستکردووە کە مەترسدارترین ژەهرە هەتا ئێستا زانرابێت.

ئەم ژەهرە لە گەرچک دروستدەکرێت و 6 هەزار هێندەی سیانید ژەهراویترە و هەر کەسێک بیخوات یان بۆنی بکات دەیکوژێت و هیچ دەرمانێک نیـیە کاریگەری ئەم ژەهرە ڕابگرێت.

پـۆلیسی ئەڵمانیا زیاتر لە 3 هەزار دەنکی گەرچک و 84 ملیگرام ژەهری ڕایسن و کەرەستەی دروستکردنی بۆمبی لە ئەپارتمانەکەی گرت.

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دەڵێن ناوبراو لە ساڵی 2017 دوو جار هەوڵی دابوو لە ڕێگەی تورکیاوە بچێت بۆ ناو سوریا بەڵام نەیتوانیبوو. گومان دەکرێت هەوڵی دابێت پەیوەندی بە داعشەوە بکات.

XS
SM
MD
LG