Accessibility links

بەهۆی دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە تونس ژمارەیەک کەس دەبنە قوربانی


دوو تەقینەوەی خۆکوژی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە پایتەختی تونس ڕوویانداوە و لە ئاکامدا کەسێک کوژراوە و 9 کەسی دیکە برینداربوون.

تەقینەوەی یەکەم ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی ئاسایشی کردە ئامانج لە جادی شارل دێ‌گۆل و بەهۆیەوە کارمەندێکی ئاسایش کوژراوە و 5 کەسی دیکە برینداربوون کە بریتین لە 2 کارمەندی ئاسایش و 3 کەسی سیڤیل. شوێنی تەقینەوەکە نزیکەی 100 مەتر لە باڵیۆزخانەی فەڕەنساوە دورە.

تەقینەوەی دووەم لە بەردەم دەروازەی پـشتەوەی بەڕێوەبەرایەتی پـۆلیسی ئەلعەدلیـیە بووە کە لەوێ بارەگای دەزگای دژە تێرۆری لێـیە. بەپـێی سوفیان ئەلزعق گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تونس کە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباس فڕانس پـرێس لێدوانی دابوو، 4 کەس لە هێزەکانی ئاسایشی برینداربوون.

پاش هەردوو تەقینەوەکە هێزەکانی ئاسایش لە جادەکانی دەوروبەری بینای حکومەت و سەرۆکایەتی وڵاتەکە بڵاوبوونەوە.

لە لایەکی دیکە وەزارەتی بەرگری نیشتمانی تونس لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شوێنێکی پەخشی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن لە چیای عورباتە لە شاری قفسە کراوەتە ئامانجی هێرشێکی تێرۆرستی، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتووەتەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە.

لە پاش هەردوو تەقینەوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان وێنە و ڤیدیۆی شوێنی تەقینەوەکان بڵاوکرانەوە.

XS
SM
MD
LG