Accessibility links

وەزارەتی ناوخۆی تونس دەڵێت دەستیانگرتووە بەسەر 19 نامەی ژەهراویدا


وەزارەتی ناوخۆی تونس دەڵێت دەزگای ئاسایشی وڵاتەکەی دەستیگرتووە بەسەر 19 نامەی پـۆست کە ماددەی ژەهراویـیان تێدابووە و لە لایەن کۆمەڵێکی تێرۆرستەوە ئامادەکرابوون بۆ ئامانجکردنی کەسایەتیـیەکانی وڵاتەکە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی بەپـێی چەند زانیاریەک کە بە ئاسایشی گشتی وڵاتەکە گەیشتووە، کۆمەڵێک تێرۆرست پـلانیان داڕشتبوو کەسانی سیاسی و میدیاکار و ئەندامانی سەندیکاکان بکەنە ئامانج، بەڵام هێزەکانی ئاسایش پاش هەماهەنگی لەگەڵ پـۆلیس و بەشی دادوەری بۆ نەهێشتنی تێرۆر، ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و دەستیانگرتووە بەسەر 19 نامەدا. دەڵێت تاقیکردنەوە تەکنیکیـیەکان پشتڕاستیانکردووەتەوە نامەکان ماددەی ژەهراویـیان تێدایە.

پاشان داوا لە کەسایەتیـیەکانی وڵاتەکە دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەنەوە لە هەرچ شتێک جێی گومان بێت.

جێی ئاماژەیە لە پاش شۆڕشی خەڵکی تونس لە ساڵی 2011 ، گروپی توندڕەوی ئیسلامی لەو وڵاتەکە دەستیانکردووە بە ئەنجامدانی هێرشی تێرۆرستی و بە دەیان کەسیان کوشتووە، لەوانە هێرشە خوێناویـیەکەی ساڵی 2015 ، ئەوەی کرایە سەر مۆزخانەی باردۆ و بەهۆیەوە 60 گەشتیار کوژران.

XS
SM
MD
LG