Accessibility links

تونس دەڵێت لەوەتای خۆپـیشاندانەکان دەسـتیانپـێکردووە نزیکەی 780 کەس دەسـتگیرکراون


وەزارەتی ناوخۆی تونس دەڵێت نزیکەی 780 کەس دەسـتگیرکراون لەوەتای لە ڕۆژی دووشەممەوە خۆپـیشاندانە ناڕەزایـیەکان لە دژی حکومەت دەسـتیانپـێکردووە.

خەلیفە ئەلشەیبانی گوتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینی ئەم ژمارەیەی بۆ ڕادیۆیەکی وڵاتەکەی پشـتڕاستکردەوە و گوتی لە نێو ئەو دەسـتگیرکراوانە 151 کەسیان دەستیان هەبووە لە کاری توندوتیژی.

گوتیشی شەوی پـێنجشەممە توندوتیژی لە وڵاتەکە ڕوویان نەداوە و تەنیا چەند پـێکدادنێکی سووک لە نێوان گەنجان و هێزەکانی پـۆلیس بوون.

لە لایەکی دیکە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەمنستی داوای لە دەسەڵاتدارانی تونس کرد هێز لە بەرامبەر خۆپـیشاندەران بەکارنەهێنن و وازبێنن لە پەنابردنە بەر ترساندن و تۆقاندن لە دژی خۆپـیشاندەرانی ئاشتیخواز. داواشی لە هێزەکانی ئاسایش کرد تەنیا لە کاتی زۆر پـێویستدا پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز بەرن.

بەیانی ئەمڕۆش دەیان لە ئەندامانی بەرەی میلـلی ئۆپـۆزسیۆن لە بەردەم دادگای شاری قفسە لە باشوری وڵاتەکە گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دەسـتگیرکردنی بەرپـرسەکانیان لە شارەکە بە تۆمەتی هاندانی خەڵکی بۆ ئاژاوەگێڕی.

جێی ئاماژەیە تونس بە قەیرانێکی ئابوری سەختدا تێپەڕدەبێت و کەوتووەتە ژێر قەرزێکی زۆری نێودەوڵەتیـیەوە، بۆیە لە 1ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە حکومەتی تونس بڕیاری داوە نرخی بەنزین و هەندێک کاڵا بەرزبکاتەوە و لەگەڵیدا باج لەسەر ئۆتۆمبیل و پەیوەندیـیەکان تەلەفون و ئنتەرنێت زیادبکات، ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە.

XS
SM
MD
LG