Accessibility links

حکومەتی تونس: خۆپـیشاندانەکانی شەوی دووشەممە ئاژاوەگێڕی بوون


حکومەتی تونس دەڵێت ئەو خۆپـیشاندان و ناڕەزایـیانەی شەوی دووشەممە لە چەندان شاری وڵاتەکە بەڕێوەچوون، ئاژاوەگێڕی بوون و تیایاندا دزی کراوە و هیچ پەیوەندیـیان بە گرانی و بێکاریەوە نەبووە.

یوسف ئەلشاهد سەرۆک وەزیری تونس ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا گوتی بەپـێی یاسا خۆپـیشاندان مافی هەموو هاوڵاتیەکە، بەڵام سازکردنی ناڕەزایی شەوانە لە وڵاتە دیموکراسیـیەکاندا بوونیان نیـیە. گوتیشی لەو ناڕەزایـەتیانەی شەوی دووشەممە خراپەکاری کراون و حکومەت یاسا بەسەر ئەنجامدەرانی و ئەوانەشی هانیان بۆ داوە جێبەجێ دەکات.

گوتیشی وڵاتەکەیان بە دۆخێکی ئابوری خراپدا تێپەڕدەبێت، بۆیە دەبێت خەڵکی لەوە تێبگەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد 2018 دوایـین ساڵی قورس دەبێت بۆ تونسیـیەکان.

کاربەدەستان دەڵێن کەسێک بە گازی فرمێسک ڕێژ گیانی لەدەستداوە، بەڵام خۆپیشاندەران و چالاکوانان ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی ئاسایش کردوویەتی بە ژێرەوە.

کاربەدەسـتێکی ئاسایش دەشڵێت 11 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش بە بەرد و بۆمبی مۆلۆتۆفی خۆپـیشاندەران برینداربوون و 4 ئۆتۆمبیلی پـۆلیس زیانیان پـێگەیشتووە. هەروەها دەیان کەس دەستگیرکراون.

لە لایەکی دیکەوە حەمە ئەلهەمامی سەرۆکی بەرەی میلـلی (پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن) ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڵێنی دا درێژە بە ناڕەزایەتیـیەکانیان بدەن و گوتی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت بە مەبەستی هەماهەنگی. جەختی لەوەش کردەوە کە لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە و پەرە بە ناڕەزایەتیـیەکان دەدەن هەتا ئەو کاتەی یاسا نوێـیەکانی دارایی هەڵدەوشێنرێنەوە.

جێی ئاماژەیە تونس بە قەیرانێکی ئابوری سەختدا تێپەڕدەبێت و کەوتووەتە ژێر قەرزێکی زۆری نێودەوڵەتیـیەوە، بۆیە لە 1ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە حکومەتی تونس بڕیاری داوە نرخی بەنزین و هەندێک کاڵا بەرزبکاتەوە و لەگەڵیدا باج لەسەر ئۆتۆمبیل و پەیوەندیـیەکان تەلەفون و ئنتەرنێت زیادبکات.

XS
SM
MD
LG