Accessibility links

تونس دەڵێت هێزەکانی ئاسایش 5 چەکداری تێرۆرستیان کوشتووە


وەزارەتی ناوخۆی تونس دەڵێت هێزەکانی ئاسایش لە هەڵمەتێـکیاندا لە ناوچەیەکی ناوەڕاستی وڵات 5 چەکداری تێرۆرستیان کوشتووە.

ولید ئەلوقینی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تونس بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت ڕۆژی هەینی هێزەکانی ئاسایش لە بەرزایـیەکانی ئەولاد بوعومران لە ناوچەی ئەلقتاری هەرێمی گەسفە ڕووبەڕووی 8 چەکداری تێرۆرست بوونەتەوە و توانیویانە 5 یان بکوژن، بەڵام سیانیان هەڵاتوون. هەروەها 2 لە هێزەکانی ئاسایشیش برینداربوون. گوتیشی هەڵمەتەکە هێشـتا بەردەوامە.

لە لایەکی دیکە حەبیب ئەلسید سەرۆک وەزیری تونس بە یاسادانەرانی وڵاتەکەی گوت حکومەتەکەی هەرچی لە توانایدا بووە کردوویەتی بۆ پاراستنی گەشتیارانی بیانی.

بەریتانیا دوێنێ پـێـنجشەممە داوای لە گەشـتیارانی بەریتانی کرد ئەو وڵاتە جێبهێڵن، چونکە تونس وەکو پـێویست کاری نەکردووە بۆ باشکردنی ڕەوشی ئاسایشی، بۆیە ئەگەرێـکی زۆر هەیە هێرشی تێرۆرستی ڕووبدات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە مانگی ڕابردوو لە هێرشێـکی تێرۆرستیدا لە هاوینەهەواری سوسەی دەریای ناوەڕاست 38 گەشتیاری بیانی کوژران کە سیـیان بەریتانی بوون.

XS
SM
MD
LG