هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌سـتپـێـکردنی یه‌که‌م دانیشـتنی دادگایـیکردنه‌که‌ی له تونس به بێ ئاماده‌بوونی، زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی سه‌رۆکی له‌کار لادراوی تونس ده‌ڵێت ئه‌و به فێڵ له وڵاته‌که‌ی به‌ره‌و عه‌ره‌بسـتانی سـعودیه براوه.
ڕۆژی دووشه‌ممه بن عه‌لی له ڕاگه‌یاندنێـکدا که پارێزه‌ره‌که‌ی بڵاویکرده‌وه گوتوویه‌تی ئه‌و بۆیه به فڕۆکه‌یه‌ک به‌ره‌و عه‌ره‌بسـتانی سـعودیه ڕۆیشـتووه تاوه‌کو خێزانه‌که‌ی بۆ شوێنێـکی سه‌لامه‌ت به‌رێت. گوتووشیه‌تی ئه‌و نیازی وابووه ده‌سـتبه‌جێ بۆ تونس بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام تاقمی فڕۆکه‌که چاوه‌ڕێـیان نه‌کردووه و به‌بێ ئه‌و ڕۆیشـتوون.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی له مانگی یه‌که‌وه به‌ره‌و عه‌ره‌بسـتانی سـعودیه ڕۆیشـت، له نێوه‌ندی ئه‌و خۆپـیشـاندانه گه‌ورانه‌ی له دژی حوکمڕانیـیه 23 سـاڵه‌که‌ی سـازکران.
سه‌رۆکی له‌کار لادراوی تونس ڕۆژی دووشه‌ممه به‌بێ ئاماده‌بوونی له دادگا له‌سه‌ر تۆمه‌ته‌کانی پاره خواردن و بازرگانی به تلیاک دادگایی ده‌کرێت. دادگاییکردنه‌کانی داهاتووی پـێشـبینی ده‌کرێت له‌سه‌ر پـیلان‌گێڕان له دژی ده‌وڵه‌ت و کوشـتنکاری بێت.
هه‌تا ئێسـتا زیاتر له 90 سـکاڵانامه له دژی بن عه‌لی و تاقمه‌که‌ی تۆمارکراون.
کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن سه‌رۆکی پـێشـوو له دادگاکانی له‌شـکری و مه‌دنی وڵاته‌که دادگایی ده‌کرێت. بن عه‌لی هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاڕاسته‌ی کراون ڕتدهکاتهوه.
کاربه‌ده‌سـتانی سـعودیه هه‌تا ئێسـتا وه‌ڵامی داواکاریـیه‌که‌ی تونسیان نهداوهتههوه که بن عه‌لی و له‌یلا ته‌رابلوسی هاوسه‌ری ڕاده‌ستیان بکه‌ن.