Accessibility links

سەرۆک ترامپ سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنێت


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای نوێی لە دژی کاربەدەستانی ئێران واژوکرد کە عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێرانیش دەگرێتەوە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی و بە ئامادەبوونی مایک پـێنس جێگری سەرۆک و ستیفن مەنۆخن وەزیر خەزێنە گوتی کۆمەڵێک سزا واژودەکات کە ڕێبەری باڵای ئێران و ئۆفیسەکەی دەکاتە ئامانج، ئەمەش وەک کاردانەوە بەرامبەر ئەو کارە دوژمنکارانەی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو ئەنجامی داون، لەوانە خستنی فڕۆکە ئەمەریکایـیەکە.

گوتیشی خامەنەئی بەرپـرسە لە سەرکێشەکانی ڕژێمی ئێران و ئۆفیسەکەشی سەرپەرشتی ڕژێمەکە و سوپای پاسداران دەکات.

سەرۆک ترامپ دەڵێت بەم سزایانە خامەنەئی و ئۆفیسەکەی و کەسە نزیکەکانی سەرچاوەی دارایـیان لێدەبڕێت. جەختی کردەوە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران زیاتر و بەردەوام دەبن هەتا ئەو کاتەی ڕژێمەکە واز لە کارە مەترسیدارەکانی دەهێنێت و دەستبەرداری هەوڵەکانی دەبێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، پەرەپـێدانی موشەکی بالستی، پـشتیوانیکردنی تێرۆرزم، وە وازدەهێنێت لە خۆشکردنی شەڕ و ناکۆکیـیەکانی لە نێو وڵاتاندا و جموجۆڵەکانی لە دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.

لە لایەکی دیکە وەزارەتی خەزێنە ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی سزا سەپـێندراوەتە سەر هەشت فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، ئەوانیش بریتین لە:

عەلی ڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران.

ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران.

محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران.

عەباس غولامشاهی، فەرماندەی ناوچەی یەکی هێزی دەریایی سوپای پاسداران.

ڕەمەزان زیراهای، فەرماندەی ناوچەی دووی هێزی دەریایی سوپای پاسداران.

یەدوڵڵا بادن، فەرماندەی ناوچەی سێی هێزی دەریایی سوپای پاسداران.

مەنسور ڕەوانکار، فەرماندەی ناوچەی چواری هێزی دەریایی سوپای پاسداران.

عەلی عوزمایی، فەرماندەی ناوچەی پـێنجی هێزی دەریایی سوپای پاسداران.

XS
SM
MD
LG