ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەڕیتانی بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەنیازە لە مانگی دووی ساڵی داهاتوودا سەردانی بەڕیتانیا بکات بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەیەکی نوێی ئەمەریکا لە لەندەن، بەڵام چاوی بە شاژنە ئیلیزابێث ناکەوێت.
جێی ئاماژەیە زیاتر لە یەک ملیۆن بەڕیتانی دەڵێن ترامپ نابێت ڕێگەی پێبدرێت بێتە ناو بەڕیتانیاوە چونکە دەبێتە هۆی شەرمەزاری بۆ شاژن، واچاوەڕواندەکرێت لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ بەڕیتانیا خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام بدرێت.
ڕۆژنامەکە لە سەرچاوەیەکی وێستمینستەرەوە وتی سەرۆک ترامپ لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەیدا پێی ڕاگەیاندووە کە بەنیازە بە سەردانێکی کار بێت بۆ بەڕیتانیا بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی نوێی ئەمەریکا لە لەندەن کە دەکەوێتە سەر ڕووباری تایمز و یەک ملیار دۆلاری تێچووە.
وتەبێژی سەرۆم وەزیران ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەکە بدات و وتی هەڵوێستی وڵاتەکە نەگۆڕاوە و بانگهێشت کراوە بەڵام بەروارەکەی هێشتا دیاری نەکراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز