Accessibility links

سەرۆک ترامپ پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جێگری ڕێبەری تاڵیبان ئەنجام دەدات


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت وتووێژێکی زۆر باشی لەگەڵ مەلا عەبدولغەنی برادەر جێگری ڕێبەری تاڵیبان ئەنجامداوە، ئەمەش پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتنێکی مێژوویی لە نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان لە دۆحەی پایتەختی قەتەر واژوکرا.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەوانی گوت" لە ڕاستیدا وتووێژێکی زۆر زۆر باشم لەگەڵ ڕێبەری تاڵیبان ئەنجام دا." گوتیشی بە مەلا برادەری گوتووە ئەمەریکا توندوتیژی ناوێت.

زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی تاڵیبان ئەویش لەسەر تویتەر نووسیویەتی"سەرۆکی ئەمەریکا ترامپ وتووێژێکی تەلەفۆنی ئەنجام دا لەگەڵ جێگری سیاسی ئیمارەتی ئیسلامی بەڕێز مەلا برادەر ئاخوند."

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز، زەبیحوڵڵا گوتوشیەتی وتووێژەکە ماوەی زیاتر لە 30 خولەکی خایاندووە و مەلا برادەر بە سەرۆکی ئەمەریکای گووتوە ئەگەر ئەمەریکا ڕێز لە ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان بگرێت، ئەوا لە ئایندەدا هەردوولا پەیوەندی دووقۆڵی ئەرێنیان دەبێت.

بەپـێی خاڵە سەرەکیـیەکانی ڕێکەوتنەکە، دەبێت تاڵیبان پابەندبێت بە بڕینی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ قاعیدە و داعش و هەموو ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان. ئەمەریکا و هاوپەیمانان هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکشێننەوە لە ماوەی 14 مانگدا. ئەمەریکا دەستوەرنەداتە کاروباری ناوخۆی ئەفغانستان. ئەمەریکا دەتوانێت بەردەوامبێت لە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی لە دژی قاعیدە و داعش لە ئەفغانستان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG