Accessibility links

سەرۆک ترەمپ بەنیازە ناوچەی پارێزراو بۆ خەڵکی ئاوارەی سوریا دابمەزرێنێت

  • VOA News

سەرۆک ترەمپ بەنیاز ناوچەی پارێزراو دابمەزرێنێت بۆ خەڵکی لێقەوماوی سوریا ، ئەوانەی بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان و داگیرکردنی ناوچەکانیان لە لایەن داعشەوە ئاوارەبوون.

لە چاوپـێکەوتنێـکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی ئەمەریکایی کە شەوی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا گوتی " بێگومان ناوچەی پارێزراو لە سوریا دائەمەزرێنم بۆ ئەو کەسانەی لە تاو توندوتیژی هەڵدێن."

پاشان گوتی " پـێموایە ئەوروپا هەڵەیەکی گەورەی کرد کاتێـک ڕێگەی بەو ملیۆنان کەس دا بچنە ناو ئەڵمانیا و وڵاتەکانی دیکە."

تورکیا لای خۆیەوە، ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر زاری حسێن موفتی‌ئۆغڵو گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، گوتی ئەنکەرە لە مێژەوە لەگەڵ دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو بۆ خەڵکی ئاوارەی سوریا بووە، بەڵام گوتیشی پـێوستە سەرەتا تەواوی پـرۆژەکەی سەرۆک ترەمپ ببینن و پاشان قسەی لەسەر بکەن.

ڕووسیاش، لە زاری دمیتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملێن گوتی واشنتن لەم بارەیەوە هیچ هەماهەنگی لەگەڵ مۆسکۆ نەکردووە و بڕیاری تەنها ئەمەریکایە. داواشیکرد ئاکامەکانی هەنگاوێـکی لەم جۆرە لەبەر چاوبگیرێت.

جێی ئاماژەیە شەڕی ناوخۆی سوریا کەوا نزیکەی 6 ساڵە درێژەی کێشاوە، بووەتە مایەی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان هاوڵاتی سوری و ژمارەیەکی زۆریان ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا کردووە.

ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا مەترسیان هەیە کەسانی سەر بە داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکەی ناو سوریا خۆیان بخزێننە نێو خەڵکی ئاوارە و پەنابەرەوە.

XS
SM
MD
LG