Accessibility links

سەرۆک ترامپ: وادیارە خاشقچی کوژراوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی وادادەنێت ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی کوژرابێت و دەڵێت وەڵامی ئەمەریکا بۆ سعودیە زۆر توند دەبێت، بەڵام هێشتا دەیەوێت بزانێت بە تەواوەتی چی ڕوویداوە.

بۆ یەکەمین جار سەرۆک ترامپ دانی بەوەدانا کە لەوانەیە خاشقچی کوژرابێت.

سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە ڕای من وادیارە کوژراوە. ئەوە شتێکی زۆر ناخۆشە."

ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وردەکاری سەردانەکانی بۆ سعودیە و تورکیا بە سەرۆک ترامپ ڕاگەیاند.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک ترامپ متمانەی خۆی دەربڕی بەو زانیاریانەی کە ئاماژە بەوە دەدەن سعودیە گومانی ئەوەی لێدەکرێت ڕۆژنامەنووسە سعودیەکەی کوشتبێت.

بەڵام سەرۆک ترامپ وتی " هێشتاز زووە بۆ ئەوەی بزانین بەتەواوەتی کێ لە پشت ئەم شتەوەیە."

پەمپیۆ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا وتی بە سەرۆکی وتووە دەبێت چەند ڕۆژێکی دیکە بدەین بە سعودیە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەکەن سەبارەت بە دیارنەمانی خاشقچی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG