سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە کۆتایی هەفتەی کۆبونەوەی جەماوەری لە ویلایەتی ئایەوە لەگەڵ دەنگدەراندا ئەنجام دا، بەڵام ڕۆژی سێشەممە لە دادگایەکی واشنتن بوو لە کاتێکدا کە پارێزەرەکانی هەوڵی ئەوەیان دەدا سێ دادوەر ڕازی بکەن لەسەر ئەوەی ترامپ دەبێت بێبەری بێت لەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراون کە بریتیشە لەوەی ترامپ هەوڵیداوە شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا بە شێوەیەکی نایاسایی پێچەوانە بکاتەوە.
ئەم دوو کارە هاوکاتە لە ژیانە سیاسییەکەی ترامپی تەمەن 77 ساڵدا، کە پێشەنگی کاندیدەکانی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ی ئەمەریکا، لە کاتێکدایە کە ڕووبەڕووی 91 تۆمەت بووەتەوە لە چواردۆسێی تاوانکاریدا کە ڕەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە سەرانسەری وڵاتەکە.
لە کاتێکدا کە ترامپ داواکراوە لەسەری کە دەبێت ڕۆژانە ئامادەی ئەو دادگاییکردنانەی بێت کە بۆ ئەم ساڵ داندراون، ڕۆژی سێشەممە خۆبەخشانە بڕیاریدا بچێتە بەردەم دادگایەکی پێداچوونەوەی فیدراڵی لە واشنتن، کە چەند گەڕەکێک دوورە لە کۆنگرێس و کۆشکی سپییەوە.
دەرکەوتنی ترامپ لە دادگاکەدا هەوڵێکی دیار بوو بۆ تیشک خستنەسەر ئەو بانگەشانەی کە دەیکات و دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و دادوەری تایبەتی وەزارەتی داد جاک سمیث دەستییان کردووە بە تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسیی تاوەکو ڕێگە نەدەن ترامپ جارێکی دیکە ببێتەوە بۆ سەرۆکی ئەمەریکا.
ترامپ دانیشتبوو گوێی دەگرت لە کاتێکدا کە پارێزەرەکانی بانگەشەی ئەوەیان کرد کە کاتێک ترامپ لە کۆتایی ساڵی 2020 و سەرەتای ساڵی 2021 دا هێشتا سەرۆک بوو، کارەکانی سەرۆکایەتی خۆی ئەنجامداوە لە ڕێی دڵنیا بوونەوە لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دادپەروەرانە ئەنجام دراون، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەڵگە یاساییەکان دەریدەخەن کە تاکە نیگەرانیی ترامپ لەو کاتەدا ئەوە بووە شکستەکەی بەرامبەر بایدن پێچەوانە بکاتەوە و بۆ چوار ساڵی دیکە وەکو سەرۆک بمێنێتەوە.
جاک سمیث ترامپی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی پلانی داناوە بە چەندین شێوازی جیاواز دەنگەکان هەڵبوەشێنێتەوە، لەوانەشدا داواکردن لە جێگرەکەی، مایک پێنس، بۆ ئەوەی سەرکەوتنی بایدن ڕەت بکاتەوە، لە کاتێکدا کە کۆنگرێس لە 6 ی مانگی یەکدا بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی دەنگدانە ئەلیکترۆنییەکە کۆبوونەوە.
نزیکەی 2000 لایەنگری ترامپ پڕۆسەکەی کۆنگرێسییان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی دەنگەکان دواخست، ئەوەش لە ڕێی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس و شەڕکردن لەگەڵ پۆلیس و تێکدانی چەند ئۆفیسێکی ناو کۆنگرێس. زیاتر لە 1200 خۆپیشاندەر دەستگیرکران، سەدان کەسی دیکەش بە تۆمەتی جیا جیا تاوانبار کراون.
سمیث دەڵێت کەس لە سەروو یاساوە نییە و کەس پارێزراو نییە لە لێپێچینەوە، تەنانەت سەرۆکێکی پێشووی وەکو دانۆڵد ترامپیش، کە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکایە ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری بووبێتەوە. دادوەری ئەمەریکایی تانیا چوکتان، کە سەرپەرشتی دۆسییەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، هاوڕایە لەگەڵ سمیثدا و دەڵێت ترامپ پارێزراو نییە لە " سزای زیندانیکردن."
دادگای باڵای ئەمەریکا داواکەی سمیثی ڕەت کردەوە بۆ خێراکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکەدا، ئەو پرسەی کە ئایا سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا دەکرێت سزا بدرێت لەسەر کارێکی کە لە کۆشکی سپیدا ئەنجامی داوە یاخود نا، دادگاکە داواکەی ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کردووە لە واشنتن.
دادوەران، میشێل چایڵدز و فلۆرین پان، کە هەردووکییان لەلایەن بایدنەوە دەستنیشان کراون، هەروەها کارین لوکرافت هەندەرسن، گوێبیستی دۆسییەکە دەبن.
دادگاییکردنی ترامپ لەسەر تۆمەتی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بڕیارە لە 4 ی مانگی سێدا بەڕێوەبچێت. ترامپ هەوڵ دەدات دادگاییکردنەکان لە سەرجەم دۆسییەکانیدا دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزە، ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا دەتوانێت داوا لە وەزیری داد بکات دوو تۆمەتی تاوانە فیدڕاڵییەکان دژی هەڵبوەشێنێتەوە.
پارێزەرەکانی سمیث دەڵێن " پارێزراویی لە لێپێچینەوەی تاوان مەترسیدار دەبێت بە تایبەتی لێرەدا کە سەرۆکی پێشوو گوایە بەشدار بووە لە ئەنجامدانی تاوانێکدا کە مەبەست لێی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بووە، کە ئامانج لێی ئەوە بووە زیاد لە ماوەکەی خۆی لە سەرۆکایەتیدا بمێنێتەوە."
وتییان " سەرۆکێک کە بەشێوەیەکی نایاسایی هەوڵی بە دەستهێنانی دەسەڵات بدات لە ڕێی ئامڕازی تاوانەوە و لێپێچینەوەی تاوانی لەگەڵدا نەکرێت، ئەوا دەکرێت سەرۆکایەتی و بنچینەکانی سیستمی دیموکراسیمان بخاتە مەترسییەوە."
ترامپ ڕەتی کردووەتەوە لە هەر چوار دۆسییەکەدا کاری هەڵەی کردبێت.
ترامپ وتی " بێگومان من پارێزراویم هەیە، وەکو سەرۆکی ئەمەریکا و فەرماندەی سوپا."
وتی " بە دوای ساختەکاریدا دەگەڕام لە دەنگدانەکاندا، دۆزیمەوە، ئەوەش کاری خۆمە بیکەم."
سەرۆکەکانی پێشوو پارێزراون لە لێپێچینەوە لە سکاڵا یاساییەکاندا لەسەر ئەو کارانەی کە وەکو بەشێک لە ئەرکەکانی کۆشکی سپییان ئەنجامییان داون. بەڵام دادگاکان هەرگیز مامەڵەیان لەگەڵ ئەوەدا نەکردووە کە ئایا پاراستنەکە لێپێچینەوەی ئەنجامدانی تاوانیش دەگرێتەوە یاخود نا، چونکە هیچ سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا جگە لە ترامپ ڕووبەڕووی ئەو جۆرە تاوانە نەبووەتەوە.
دادگای باڵا پێشتر بڕیاریداوە گوێبیستی داواکەی ترامپ بێت بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارێکی دادگای باڵای کۆلۆرادۆدا کە بڕیاریداوە ڕێگە نەدات ترامپ بتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی کۆمارییەکاندا لەو ویلایەتەدا بەشداری بکات. لە بڕیارەکەدا هاتووە دەڵێت بەشداربوونی ڕاستەوخۆی ترامپ لە هەڵکوتانەکەی لایەنگرەکانی لە 6 ی مانگی یەکدا بۆ سەر باڵاخانەی کۆنگرێس و داواکانی بۆ لایەنگرانی کە " شەڕ بکەن " بۆ ڕێگریکردن لە پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020، وای لێدەکات شیاو نەبێت.
ترامپ دەڵێت ناتوانرێت لێپێچینەوەی تاوانی لێبکرێت لەسەر ڕووداوەکانی 6 ی مانگی یەک چونکە ئەنجومەنی سینات پێشتر لە دانیشتنێکی سیاسیدا بە بێتاوان لە قەڵەمییان داوە.
وتەبێژی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترامپ، ستیڤین چیونگ، وتی " تەواو دڵنیایین لەوەی کە دادگای باڵای ئەمەریکا بە خێرایی لە بەرژەوەندی ئێمە بڕیار دەدات و کۆتایی بەم سکاڵا یاساییە نا ئەمەریکاییانە دەهێنێت."
ترامپ سەرکۆنەی ئەو دادوەرانەی کرد کە دژی وەستاونەتەوە، بە سمیث دەڵێت شێت بووە، دەڵێت ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون هەوڵێکی کۆشکی سپی بایدنن تاوەکو ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا.
سمیثی دادوەری وەزارەتی دادی ئەمەریکا، ترامپی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادا، ئەوەش لە ڕێی قۆرخکردنییانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە مارئالاگۆ لە فلۆریدا، ئەوەش دوای ئەوەی کۆشکی سپی بەجێ هێشتووە.
دادوەرێکی ویلایەتی جۆرجیای باشووری ئەمەریکاش ترامپی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ساختەکاریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا لەو ویلایەتەدا و دادوەرێکی نیویۆرکیش تۆمەتباری کردووە بە تۆمەتی ساختەکاریکردن لە تۆمارەکانی کاردا تاوەکو ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە پارەی بێدەنگکردنی داوە بە ئەکتەرێکی پۆرنۆگرافی پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە ساڵی 2016 دا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا