Accessibility links

ئێران گفتوگۆکانی نێوان سەرۆک ترامپ و پوتن لە هیلینسکی ئاڵۆز دەکات


وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ

وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ وتی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن سەبارەت بە سوریا ئاسان نابێت، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستی واشنتنەوە بەرامبەر بە ئێرانی هاوپەیمانی ڕوسیا و ڕژێمی سوریا.

دەزگای ڕاگەیاندنی ڕوسیا لە زاری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە هیوادارە گفتوگۆکانی هیلینسکی هەنگاوێک بێت دوور لە قەیرانی پەیوەندییەکانی ئێستای ئەمەریکا و ڕوسیا.

جێی ئاماژەیە هیچ کام لە ڕوسیا و ئەمەریکا پێشبینی ئەوە ناکەن گفتوگۆکان ببێتە هۆی ئاکامێکی گەورە، تەنها ئەوە نەبێت ڕێکدەکەون لەسەر باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا. هەروەها لەوانەشە بگەنە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستانەکان سەبارەت بە بابەتەکانی دیکەی وەکو چەکی ناوەکیی و سوریا.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە تۆڕی هەواڵی سی بی ئێسی وت پێشبینی کەمی هەیە بۆ کۆبوونەوەکە، هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن وتی واشنتن هەوڵ نادات دەستکەوتی گەورە بەدەست بخات لە کۆبوونەوەکەدا و کۆبوونەوەکە ڕێکخراو نابێت.

لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ بە هەمان شێوە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت پێشبینیەکانی بۆ کۆبوونەوەکە کەمن و وتیشی کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتوو دەزانێت ئەگەر هەردوولا تەنها ڕێکەون لەسەر ئەوەی هێڵەکانی پەیوەندیی نێوانیان چاک بکەنەوە.

سەرچاوە/ سکای نیوز

XS
SM
MD
LG