Accessibility links

سەرۆک ترامپ بەڵێن دەدات بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان درێخی نەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت هەرچی لە توانایدا بێت ئەنجامی دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری بێت لەحمی کەناری ڕۆژئاوا لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی گوتی" من پابەندم بە هەوڵی گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان و بە نیازم هەرچی لە توانمادا بێت ئەنجامی بدەم بۆ یارمەتیدان لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە."

پاشان گوتی هەریەک لە سەرۆک عەباس و بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بۆیان دووپاتکردووەتەوە کە ئامادەن بە نیازێـکی پاکەوە کاربکەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە ئابوری فەڵەستین کرد و گوتی گرنگە ئەم ئابوریـیە ببوژێنرێتەوە کە لە ئێستادا بە دۆخێـکی خراپدا تێدەپەڕێت. بەڵێنی دا بە هاوکاریکردن لەگەڵ مەحمود عەباس پشـتیوانی ئابوری فەڵەستینیـیەکان بکات.

شەوی یەکشەممە حکومەتی ئیسرائیل لەسەر داوای سەرۆک ترامپ بڕیاری دا کۆمەڵێـک ڕێوشوێنی نوێ بگرێتەبەر بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی فەڵەستینیـیەکان و پشـتیوانی لە ئابوریـیەکەیان. لەوانە ڕێگەدان بە دەیان هەزار فەڵەستینی لەوەی ڕۆژانە لە ئیسرائیل کاربکەن.

مەحمود عەباس لای خۆیەوە گوتی شەڕی ئەوان لەگەڵ ئیسرائیلیـیەکاندا لەسەر ئاین نیـیە و خوازیارن بە ڕێکەوتنێـکی ئاشتی مێژوویی لەگەڵیاندا بگەن. هیواشی خواست ئەم ڕێکەوتنە لەسەر دەستی سەرۆک ترامپ بێتە دی.

XS
SM
MD
LG