Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئامادەیی تەواوم هەیە ئابوری تورکیا وێرانبکەم


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە و ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیەتی :

" بەمزووانە فەرمانێک دەردەکەم بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسەکانی پێشوو و ئێستای حکومەتی تورکیادا و هەر کەسێک کە بەشداربووبێت لە ناسەقامگیرکردنی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. هەروەها گومرگی سەر پـۆڵا بە ڕێژەی 50%زیاد دەکرێت، ئەمەریکا بەزووترین کات وتووێژەکانی وەزارەتی ئابوری ئەمەریکا لەگەڵ تورکیادا ڕادەگرێت سەبارەت بە ڕێکەوتنێکی ئابووری کە بڕەکەی دەگاتە 100 ملیار دۆلار.

ئەم فەرمانە ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم ئەمەریکادا تاوەکو سزای دیکە بسەپێنێت بەسەر هەموو ئەو کەسانەدا کە دەستیان هەبووە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەڕەشەکردن لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری سوریا. ئەم سزایانە کۆمەڵێک دەرەنجامی لێدەکەوێتەوە لەوانەش سەپاندنی سزای ئابوری و سڕکردنی موڵک و قەدەغەکردنی هاتنە ناو ئەمەریکا.

لە یەکەم ڕۆژی سەرۆکایەتییەکەمەوە، بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ ماندوونەناسانە هەوڵدەدات پارێزگاری لە سەلامەتی و ئاسایشی ئەمەریکا و هاوڵاتیانی بکات. ئەمەریکا و هاوبەشەکانمان لە 100% ئەو شوێنانەیان ئازاد کرد کە لەژێر دەسەڵاتی بێ ڕەحمانەی خەلافەتی داعشدا بوون. دەبێت تورکیا ئەم دەستکەوتانە نەخاتە مەترسییەوە. هەروەها دەبێت پارێزگاریکردن لە هاوڵاتیانی مەدەنی و بەتایبەتی کەمینە ئاینیەکان و نەتەوە بێ دەسەڵاتەکان ئەرکی سەرەکی بێت. هەروەها کاولکردنی ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانی سیڤیل و کەمینەکان جێی قبوڵکردن نیـیە. هەروەها دەبێت گەڕانەوەی پەنابەران بە شێوازێکی پارێزراو و خۆبەخشانە و سەروەرانە جێبەجێ بکرێت.

لەشکرکێشیەکەی تورکیا ژیانی هاوڵاتیانی سیڤیل دەخاتە مەترسییەوە و هەروەها هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات. تەواو لەگەڵ ئەردۆغان ڕاشکاوبووم: کردەوەکانی تورکیا دەبنە هۆی قەیرانی مرۆیی و ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لێدەکەوێتەوە. تورکیا دەبێت گرەنتی سەلامەتی هاوڵاتیانی سیڤیل بدات. بەداخەوە تورکیا گوێ نادات بە کارەساتە مرۆییەکانی داگیرکارییەکەی.

وەکو پێشتر وتوومە ئەو سەربازە ئەمەریکییانەی ماون لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەیانکێشمەوە. چونکە هێزەکانی ئەمەریکا شکستیان بە خەلافەتی داعش هێنا، ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە ئێستا لە سوریا دێنە دەرەوە لە ناوچەکەدا دەمێننەوە و چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و ڕێگە نادەن ئەوەی ساڵی 2014 ڕوویدا ڕووبداتەوە کاتێک بە هێند وەرنەگرتنی ڕەوشەکە وایکرد داعش لە سوریا و عێراق سەرهەڵبدات. هێزێکی بچوکی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی تەنف لە باشوری سوریا دەمێننەوە تاوەکو بەردەوام بن لە لەناوبردنی ئەو داعشانەی کە ماون.

ئەمەریکا بە توندی سزا ئابورییەکان بەکاردەهێنێت بۆ بە ئامانجکردنی ئەو کەسانەی کە کۆمەکی و پشتیوانی لەو ئەرکە خراپانە دەکەن لە سوریا. من تەواو ئامادەم ئابوری تورکیا وێرانبکەم ئەگەر ڕابەرانی تورکیا بەردەوام بن لەم ڕێگە مەترسیدار و کاولکەرەی گرتوویانەتەبەر."

XS
SM
MD
LG