سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کۆریای باکووری بە کێشەیەک ناودێر کرد کە دەبێت چارەسەر بکرێت.
سەرۆک ترامپ کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە جیاوازییەکانی نێوان ئەو و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ پیۆنگیانگدا، سەرۆک ترامپ لە وڵامدا وتی " لە هەموو کەسێکی تر بەهێزترم لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام گوێ لە هەمووان دەگرم."
سەرۆک ترامپ لە ئۆڤاڵ ئۆفیس لەگەڵ سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ وتی " لە کۆتاییدا ئەوە دەکەم کە باشە بۆ ئەمەریکا، بەڕاستی ئەوە دەکەم کە بۆ هەموو جیهان باشە."
لەهەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور وتی " ترامپ فیوزی جەنگی داگیرساندووە لە نیمچە دوورگەی کۆریا بەو هەڕەشانەی کە دەڵێت ئەمەریکا بە تەواوەتی کۆریای باکوور وێران دەکات ئەگەر هێرشی بکاتە سەر."
سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەو لێدوانانەیدا.
وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور ڕی یۆنگ هۆ بە دەزگای هەواڵی تاسی ڕوسی وت " دەتوانین بڵێین ترامپ فیوزی جەنگی داگیرساند بە لێدوانە شەڕانگێزەییەکانی لە وتارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا." وتیشی " ئەمەریکا دەبێت ئاقڵانە ڕەفتار بکات و چیتر کۆریای باکوور نەورووژێنێت."
سەرچاوە/ VOA