Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت چارەسەری دوو دەوڵەتیی دەوێت بۆ کێشەی فەڵەستین و ئیسڕائیل


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی چارەسەری دوو دەوڵەتی دەوێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی فەڵەستین و ئیسڕائیل، ئەمەش ڕوونترین ئاماژەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپە سەبارەت بەوەی پشتیوانی لەو چارەسەرە دەکات.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ پێشتر دەیوت پشتیوانی چارەسەری دوو دەوڵەتیی دەکات ئەگەر هەردوولا ڕازیبن.

سەرۆک ترامپ لەمیانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهودا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لە ماوەی دوو مانگ یان سێ مانگی داهاتوودا پلانەکەی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاشکرا دەکات.

سەرۆک ترامپ وتی " چارەسەری دوو دەوڵەتیم بەدڵە، پێم وایە ئەوە باشترینە، ئەوە ڕای منە."

ناتانیاهو وتی دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین دەبێت دان بە ئیسڕائیلدا بنێت وەکو دەوڵەتی گەلی جوولەکە.

جێی ئاماژەیە هاوپەیمانە عەرەبیەکانی ئەمەریکا بەبەهێزییەوە پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکەن.

سەرۆک ترامپ وتی " پێم وایە شتێک ڕوودەدات. دەڵێن کە ئەوە قورسترین ڕێکەوتنە."

وتیشی ئیسڕائیل دەبێت شتێکی باش بکات بۆ لاکەی دیکە، بەڵام ڕوونی نەکردەوە مەبەستی چییە.

سەرۆک ترامپ وتی " دەمەوێت پێش کۆتایی هاتنی دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەم ببینم ئەوە ڕوودەدات، نامەوێت لە دوو ساڵی دووەمی سەرۆکایەتیەکەمدا ئەوە بکەم چونکە ئەو کاتە شتی تر هەیە بیکەین. پێم وایە پێشڕەوییەکی زۆر کراوە. پێم وایە ئیسڕائیل دەیەوێت شتێک بکات و فەڵەستینیەکانیش دەیانەوێت شتێک بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG