Accessibility links

کۆشکی سپی: سەرۆک ترامپ و ناتانیاهو باسیان لە هەڕەشەکانی ئێران و سزاکان کردووە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهودا باسیان لە دۆسییەی ئێران کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەمان ڕۆژدا سەرۆک ترامپ هەڕەشەی زیادکردنی سزاکانی سەر تارانی کرد " بەشێوەیەکی ئێجگار زۆر."

لەمدواییانەدا ئێران دەستی کردووە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لەو ڕێژەیەی کە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بۆی دیاریکردووە. ساڵی ڕابردوو سەرۆک ترامپ بڕیاریدا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 بکشێتەوە و لەو کاتەوە سزا ئابوورییەکانی بۆ سەر ئێران چڕکردۆتەوە و ئەوەش بۆتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ تاراندا.

وتەبێژی کۆشکی سپی وتی " دوو سەرۆکەکە گفتوگۆیان لەسەر هاریکارییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیل کردووە و هەروەها باسیان لە بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان کردووە لەڕووی ئاسایشی نیشتیمانیەوە و بەرپەرچدانەوەی چالاکییە خراپەکانی ئێران لە ناوچەکەدا."

ئۆفیسی ناتانیاهو ئاماژەی بەوەدا دوو سەرۆکەکە باسیان لە دوایین ئاگادارکردنەوەی سەرۆک ترامپ کردووە سەبارەت بە زیادکردنی سزاکانی سەر ئێران.

ئۆفیسی ناتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل پێزانینی خۆی دەربڕیوە بۆ سووربوونی سەرۆک ترامپ لە زیادکردنی سزاکانی سەر ئێراندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG