Accessibility links

سەرۆک ترامپ هەڕەشەی ڕاگرتنی یارمەتییەکان بۆ فەڵەستین دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەڕەشەی ڕاگرتنی یارمەتییەکانی بۆ فەڵەستین کرد ئەگەر بێتوو نەگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

لەمیانەی کۆنگرەی ئابووری داڤۆسدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهودا کۆبۆوە و ئەم لێدوانانەیدا.

سەرۆکی ئەمەریکا وتی هەوڵدەدات ئاشتی بخاتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

جێی ئاماژەیە فەڵەستینییەکان ڕەتیان کردەوە چاویان بە مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بکەوێت لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە، ئەوەش دوای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ کە قودسی وەکو پایتەختی ئیسرائیل ڕاگەیاند و بەڵێنیدا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەڤیڤەوە بگوازێتەوە بۆ قودس.

بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە بەناو هەموو جیهاندا و ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا لەلایەن جیهانی عەرەبی و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپیەوە.

سەرۆک ترامپ وتی " کاتێک هەفتەیەک لەمەوپێش بێ ڕێزیان بەرامبەر جێگری سەرۆک کرد و چاویان پێی نەکەوت و ئێمەش سەدان ملیۆن دۆلاریان دەدەینێ، کە ژمارەیەکی زۆر زۆرە، ژمارەیەکە کە کەس لێی تێناگات، ئەم هەموو پارەیە لەسەر مێزەکە دانراوە، ئەم پارەیە ناچێت بۆ ئەوان هەتاوەکوو بەشدار نەبن لە دانوستانەکانی ئاشتیدا."

جێی ئاماژەیە لەماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا ڕایگەیاند نیوەی یارمەتییەکان بۆ فەڵەستین ڕادەگرێت کە ساڵانە دەیدات بە ڕێکخراوی ئونروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە پەنابەرانی فەڵەستینی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG