Accessibility links

سەرۆکی ترامپ: هەڵدانی موشەک لە لایەن کۆریای باکورەوە بێ ڕێزیە بە چین

  • VOA News

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئەو تاقیکردنەوە موشەکیـیەی ئەمڕۆ دووشەممە کۆریای باکور ئەنجامی دا، بێ ڕێزی بوو بە وڵاتی چین.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ لەسەر تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی" کۆریای باکور ئەوپەڕی بێ‌ڕێزی خۆی نیشانی چینی دراوسێی دا، لە ڕێگەی هەڵدانی موشەکێکی دیکەی بالیستی... بەڵام چین هەوڵی زۆر دەدات!"

کۆریای باکوری ئەمڕۆ لە کاژمێر 5:39 ی بەرەبەیان بە کاتی خۆجێی لە ناوچەی ۆنسنان لە کەناری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی موشەکێـکی بە ئاڕاستەی دەریا هەڵداوە و دوای 6 خولەک لە دوری نزیکەی 450 کیلۆمەتر کەوتووەتە ناو دەریا لە شوێنک کە چەند سەد کیلۆمەترێک لە کەنارەکانی ژاپۆنەوە دورە.

حکومەتی ژاپـۆن بە توندی هەڵدانی موشەکەکەی شەرمەزارکرد.

شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیری ژاپـۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ناکرێت چاوپۆشی بکرێت لە ئاست ئەم جۆرە ڕەفتارانەی کۆریای باکور کە نیشانی دەدات ئاگاداریـیەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشـتگوێ دەخات. گوتیشی تۆکیۆ لە بارەی هەڕەشەکانی ئەم دوایـیانەی پـیونگیانگ لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی زۆر هاوکاری دەکات، بە تایبەتی لەگەڵ ئەمەریکا و کۆریای باشور.

چین لای خۆیەوە هەڵدانی موشەکەکەی شەرمەزارکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا جارێکی دیکە داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد وتووێژ ئەنجام بدەن.

کۆریای باشوریش هەڵدانی موشەکەکەی شەرمەزارکرد و مون جەی ئین سەرۆکی نوێی کۆریای باشور بڕیاری دا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی چونگ ئیوی یونگ گەورە ڕاوێژکاری کۆبوونەوەیەکی بە پەلە ئەنجام بدات.

ڕۆژی شەممە ڕێبەرانی G7 لە میانەی کۆبوونەوەیان لە ئیتالیا تاقیکردنەوە موشەکی و ناوکیـیەکانی کۆریای باکوریان بە زۆر مەترسیدار ناودێرکرد.

XS
SM
MD
LG