Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت باسی لە مەشقە سەربازییەکان نەکردووە لەگەڵ کیمدا


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون باسی لە سنووردانان بۆ مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور نەکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆک ترامپ وتی سنووردانان بۆ مەشقە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ کۆریای باشووردا پارەیەکی زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەمەریکا. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا دەبێتە هۆی ئەوە گرژییەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا کەم ببێتەوە.

ڕۆژی شەممە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و سوپای کۆریای باشوور کۆتایی هاتنی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیان ڕاگەیاند. ماوەیەکی زۆرە بەرپرسانی ئەمەریکی دەڵێن مەشقە سەربازییەکان لەگەڵ کۆریای باشووردا کەم دەبێتەوە.

جێی ئاماژەیە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕێبەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە ناکاو کۆتایی پێهات دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکی وتیان کۆریای باکوور داوای ئەوەی کردووە سزاکانی سەر پیۆنگیانگ لاببرێن.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی یەکەمی لەگەڵ کۆریای باکوور لە سینگاپوور زۆرێک لە مەشقە سەربازییەکانی نێوان وڵاتەکە و کۆریای باشووری ڕاگرت بەمەبەستی هاندانی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ تاوەکو کۆریای باکوور دەستبەرداری بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی ببێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG