Accessibility links

سەرۆک ترامپ: نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەن چەکی ناوکی


سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەن چەکی ناوکی و هەروەها دەبێت چیتر پشـتیوانی لە تێرۆرست و میلیشیاکان نەکات.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە لە ئۆرشەلیم لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕێۆڤین ڕیڤلین هاوتا ئیسرائیلیـیەکەی گوتی ئەوەی گرنگە ئەمەریکا و ئیسرائیل بە یەک دەنگ ڕایبگەیەنن کە نابێت هەرگیز ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەن چەکی ناوکی وە هەروەها دەبێت دەستبەجێ وازبهێنێت لە کۆمەک و ڕاهێنان و پـڕچەککردنی تێرۆرست و میلیشیاکان. گوتیشی هەتا دێت و ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبیـیەکان زیاتر هەست بە مەترسی دەکەن لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران.

پاشان گوتی سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل لە چوارچێوەی ئەو دۆستایەتی و پەیوەندیەیە بەردەوامەیە کە نێوان هەردوو وڵاتە هەن، وە ئێستا ساتێـکی مێژویی‌یە کە پـێویستی بە پتەوکردنی هاوکاریـیەکانی نێوانیانە.

باسی لەوەش کرد خوازیارە لە بارەی پـرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئیسرائیل و مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین وتووێژبکات.

سەرۆکی ئیسرائیل لای خۆیەوە گوتی وڵاتەکەی هەرچی لە توانایدابێت دەیکات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە. گوتیشی بەدیهێنانی ئاشتی پـێویستی بە بیرۆکە و وزەی نوێ هەیە.

جەختی لەوەش کرد ئیسرائیل خوازیارە هەنگاو بەرەو پـێشەوە بنێت، وە دەسـتبەرداری "خەونی ژیان بە ئاشتی"لەگەڵ دراوسێـیەکانی نابێت.

جێی ئاماژەیە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەمی ئەمەریکا گەیشتنە فڕۆکەخانەی تەل ئەڤیڤ و لەوێ پێشوازیـیەکی گەرم کران لە لایەن ڕێۆڤین ڕیڤلین سەرۆکی ئیسرائیل و بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل.

بڕیارە سبەینێ سێشەممە سەردانی شاری بێت لەحم لە کەناری ڕۆژئاوا بکات و لەوێ لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی کۆبـبێتەوە.

XS
SM
MD
LG