Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئەگەر ئێستا عێراق جێبهێڵین ڕەنگە خراپـترین شت بەسەر ئەو وڵاتەدا بێت


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ڕەنگە خراپـترین شت بەسەر عێراقدا بێت ئەگەربێت و لە ئێستادا هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا بچنە دەرێ.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ کریاکۆس میتسۆتاکس سەرۆک وەزیری یۆنان لە کۆشکی سپی گوتی ئەگەر ئەمەریکا عێراق جێبهێڵێت مانای ئەوەیە ئێران شوێن پـێی زیاتری دەبێت. گوتیشی خەڵکی عێراق نایانەوێت وڵاتەکەیان لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەببرێت.

سەرۆک ترامپ جەختی لەسەر خۆشحاڵی عێراقیـیەکان کرد بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەیاندا، گوتی عێراقیـیەکان پشتیوانیـیەکی ئێجگار زۆری ئەمەریکا دەکەن و پـێزانیانیان هەیە لە بەرامبەر ئەوەی ئەمەریکا ئەنجامی داوە.

بەڵام گوتیشی کاتێک هەموو شتەکان بە باشی بەڕێوەچوون، ئەو کاتە ئەمەریکاش دەیەوێت هێزەکانی بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی.

پاشان پـرسیاری لێکرا لە بارەی ئەو نامەیەی دوێنێ هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە کاربەدەستانی عێراقیـیان دابوو بە مەبەستی کشانەوە، سەرۆک ترامپ گوتی هیچ زانیاریـیەکی لە بارەی ئەو نامەیەوە نیـیە و داوای لە مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد ڕوونکردنەوەی لەسەر ئەو نامەیە بداتێ.

دانۆڵد ترامپ لە بەشێکی لێدوانەکانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسی لە کوشتنەکەی قاسم سولەیمانی کرد و گوتی کەسێکی دڕندە بووە و بە لایەنی کەم 600 ئەمەریکایی کوشتووە، وە بە نیازبووە خەڵکی دیکە بکوژێت، بۆیە بە کوشتنی ژیانی زۆر کەس ڕزگارکراون.

XS
SM
MD
LG