Accessibility links

سەرۆک ترامپ جارێکی دیکە ئێران بە سەرچاوەی توندوتیژی و تێرۆرزم ناودێردەکات


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێکی دیکە دووپاتیدەکاتەوە ئێران سەرچاوەی توندوتیژی و تێرۆرزم و ئاژاوەگێڕیـیە لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێکیدا ئەمەی ڕاگەیاند، لە میانەی سەرۆکایەتیکردنی بۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سازکرابوو بۆ تاووتوێکردنی بابەتی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ لە جیهاندا.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی ئێران بەنهێنی کەرەستەی هەستیاری قەدەغەکراو هاوردە دەکات تاوەکو پەرە بە بەرنامە موشەکیـیەکەی بدات و موشەکەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبکاتەوە.

سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کرد ئێران یەکەم وڵاتە لە پشتیوانیکردنی تێرۆرزم و خۆشکردنی شەڕ و ناکۆکیـیەکان لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە. گوتیشی ڕژێمێک بەو هەموو ڕابردووە خراپە هەرگیز نابێت ڕێگەی پـێبدرێت ببێتە خاوەن چەکی ناوکی. گوتی بۆیە پـێشتر لە ئەمساڵدا کشانەوەی ئەمەریکای لە ڕێکەوتنە ناوکیـیە ڕاگەیاند.

پاشان گوتی ئەو ڕێکەوتنە وەهای لە ئێران کرد بەردەوامبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی. هەروەها ڕێکەوتنەکە وەهای لە ڕژێمی ئێران کرد پارەی دەستبکەوێت لەو کاتەی بێ پارەبوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لەوەتای ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ ئێراندا مۆرکرابوو، ڕەفتارە دوژمنکارانەکانی تاران زیاتربوون، وە ئەو پارانەی بەدەستیان دەهێنێت تەرخانیان دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە تێرۆرزم و دروستکردنی ئەو جۆرە موشەکانەی دەتوانن کڵاوەی ناوکی هەڵبگرن.

سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کرد ئەمەریکا سزاکانی خۆی بەسەر ئێران سەپاندەوە لە پاش کشانەوەی لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە و گوتی هەموو سزاکانی پەیوەستن بە بەرنامە ناوکیـیەکە هەتا سەرەتاکانی مانگی یازدە سەرلەنوێ بەسەر ئێراندا دەسەپـێنرێنەوە. گوتیشی پاش ئەوەش ئەمەریکا سزای زیاتری بەسەردا دەسەپـێنێت کە زۆر قورستر دەبن لەوانەی پێشتر، ئەمەش تاوەکو ڕووبەڕووی ڕەفتارە شەڕەنگێزانەکانی ئێران ببینەوە.

جەختی لەوەش کردەوە هەر وڵات و لایەنێک سزاکانی ئەمەریکا پـێشێلبکات، ئەوا دووچاری سزا دەبێتەوە. داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد لەگەڵ ئەمەریکا کاربکات بۆ دڵنیابوون لەوەی ڕەفتارەکانی ئێران لەمەڕ بەرنامە ناوکیـیەکە دەوەستێن و هەرگیز ئێران نابێتە خاوەن چەکی ناوکی.

XS
SM
MD
LG