Accessibility links

سەرۆک ترامپ لە هندستان پـێشوازیـیەکی گەرمی لێدەکرێت


سەرۆکی ئەمەریکا بە سەردانێکی فەرمی دوو ڕۆژی لە هندستانە بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

سەرۆک ترامپ و مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە بە فڕۆکەی سەرۆکایەتی گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەحمەد ئاباد لە ڕۆژئاوای هندستان و لەوێ لەلایەن ناریندرا مۆدی سەرۆک وەزیری هندستان پـێشوازیـیەکی گەرمیان لێکرا.

هاوکات هەزاران هندی لە جادەکانی شاری ئەحمەد ئاباد وەستان و ئاڵاکانی ئەمەریکا و هندستانیان بەرزکردەوە بۆ پـێشوازیکردن لە سەرۆکی ئەمەریکا.

شاری ئەحمەد ئاباد گەورەترین شاری هەرێمی گوجەراتە کە ناریندرا مۆدی فەرمانڕەوای بوو بەر لەوەی ببێتە سەرۆک وەزیر.

پاشان کەژاوەی ئۆتۆمبیلەکانی سەرۆک ترامپ بەرەو ستادیۆمی مۆتێرا بەڕێکەوت و لەوێ لەلایەن دەیان هەزار کەس پـێشوازیـیەکی گەرمی لێکرا. ناریندرا مۆدی گوتی مێژوو ئەم ڕۆژەی ستادیۆمی مۆتێرا دەنووسێتەوە.

سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و هندی خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و سوپاسی هندستانی کرد بۆ ئەو پـێشوازیـیە گەرمەی لێیدەکرێت.

لە یەکێک لە تویتەکان نووسیویەتی" من و خانمی یەکەم 8 هەزار میلمان بە دەوری جیهاندا بڕیوە بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە بۆ هەموو هاوڵاتیەکی ئەم وڵاتە: ئەمەریکا هندستانی خۆش دەوێت، ئەمەریکا ڕێز لە هندستان دەگرێت، ئەمەریکا بۆ هەمیشە دۆست و دڵسۆزی ڕاستەقینەی خەڵکی هندستان دەبێت."

ناریندرا مۆدی ئەویش لەسەر تویتەرەکەیڤیدیۆی پـێشوازیکردنی خۆی لە سەرۆک ترامپ و خانم یەکەمی ئەمەریکا لە ستادیۆمی مۆتێرا بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیویەتی " جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە لە گەورەترین ستادیۆمی جیهان ببینە."

پاش مەراسیمی ستادیۆمی مۆتێرا، سەرۆک ترامپ بەرەو شوێنەواری مێژوویی تاج محەل بەڕێکەوت و لەوێ سەرسامی خۆی دەربڕی و گوتی "شوێنەکە بڕواناکرێت".

بڕیارە سبەی سێشەممە سەرۆک ترامپ و شاندی یاوەری لە نیودەلهی پایتەخت لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای هندستان کۆبببنەوە بۆ تاووتوێکردنی پەیوەندیـیە دوو قۆڵیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

XS
SM
MD
LG