Accessibility links

کۆشکی سپی: ئەمەریکا کاردەکات بۆ ناساندنی ئیخوان موسلمین وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی


کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کاردەکات بۆ ناساندنی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی، ئەمەش لەوانەیە ببێتەهۆی سەپاندنی سزا بەسەر کۆنترین کۆمەڵەی ئیسلامیدا لە میسڕ.

وتەبێژی کۆشکی سپی سارە ساندەرز وتی " سەرۆک لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتیمانی و ڕابەرانی ناوچەکەدا گفتوگۆی کردووە و هەمووان نیگەرانن، ئەم ناساندنەش لەڕێی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ناوخۆییەوە ڕێگا دەگرێتەبەر."

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وەکو پشتڕاستکردنەوەیەک بۆ ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتی لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا سەرۆکی میسڕ عەبدولفەتاح سیسی لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لە 9 ی مانگی چواردا داوای لە سەرۆک ترامپ کردووە ئیخوان موسلمین وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

دوای کۆبوونەوەکە سەرۆک ترامپ سیسی بە سەرۆکێکی مەزن ناودێر کرد و ئەمەش نیگەرانی خستە نێو کۆمەڵێک یاسادانەرانی هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتەکانەوە سەبارەت بە تۆماری سیسی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و هەوڵەکانی بۆ مانەوەی لە سەر کورسی دەسەڵات بۆ ماوەیەکی درێژ و پلانەکانی بۆ کڕینی چەکی ڕوسی.

بەرپرسێکی ئەمەریکی وتی پێشنیاری ناساندنی ئیخوان موسلمین وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی مشتومڕی دروست کردووە لەنێوان ئەندامانی تیمەکەی ئاسایشی نیشتیمانی سەرۆک ترامپدا.

وتیشی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ پشتیوانی لەو پێشنیارە دەکەن بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و شوێنەکانی دیکە دژایەتی دەکەن و هەوڵدەدەن ڕێوشوێنێکی زۆر سنووردار بگیردرێتەبەر.

لە یەکەمین هەڵبژاردنی سەربەخۆدا لە ساڵی 2012 دا دوای لەناوچوونی دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووی میسڕ حوسنی موبارەک، ئیخوان موسلمین دەسەڵاتیان گرتەدەست. بەڵام دواتر سیسی لە ساڵی 2013 دا محەمەد مورسی لەسەر دەسەڵات لابرد و ساڵی دواتر بووە سەرۆکی میسڕ. دواتر هەڵمەتێکی زۆر توندی گرتەبەر دژی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی و لیبڕاڵییەکان و هەزاران ئەندامی ئیخوان موسلمین و ڕێبەرەکانیان زیندانیکران.

ئەگەر هاتوو ئەمەریکا ئیخوان موسلمین وەکو ڕێكخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت ئەوا لەوانەیە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تورکیا ئاڵۆز ببێت. ئیخوان موسلمین پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەیە لەگەڵ حیزبی داد و گەشەپێدانی تورکیادا و دوای ئەوەی چالاکییەکانی ئەو کۆمەڵەیە لە میسڕ قەدەغەکران، زۆرێکیان هەڵهاتن بۆ تورکیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG