Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەڵمانیا دیلی ڕوسیایە بەهۆی گرێبەستی هێڵەکانی بۆریی گازەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە ئاشکرا هێرشێکی توندی کردە سەر پشتیوانی ئەڵمانیا بۆ ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕوسیادا لەسەر هێڵی بۆرییەکانی گواستنەوەی گاز لە دەریای بەڵتیکدا و وتی بەرلین " دیلی ڕوسیایە " و ڕەخنەی لە ئەڵمانیا گرت بەهۆی ئەوەوە کە خەرجی بەرگری زیاد ناکات.

سەرۆک ترامپ لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا بە ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسان بە سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگی وت ئەوە هیچ ڕاست نیە ئەمەریکا کۆمەکی بەرگری ئەوروپا بکات لە بەرەنگاربوونەوەی ڕوسیادا لەکاتێکدا ئەڵمانیا وڵاتێکی ئەوروپی دەوڵەمەندە و پشتیوانی لە گرێبەستی گاز لەگەڵ ڕوسیادا دەکات.

وابڕیارە دواتر لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا سەرۆک ترامپ چاوی بە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ بکەوێت و ڕۆژی دووشەممەش لە هیلیسنکی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتندا کۆدەبێتەوە.

لەلای خۆشیەوە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لیین لە وەڵامێکدا بۆ سەرۆک ترامپ وتی ئەڵمانیا دیلی سیاسەتی ڕوسیا نیە.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دوای ماوەیەکی کەم لە لێدوانەکەی سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەکەی بڕۆکسلدا وتی " بێگومان کۆمەڵێک کێشەمان هەیە لەگەڵ ڕوسیادا."

هەروەها وتیشی " لەلایەکی دیکەوە پێویستە لەسەر هێڵی پەیوەندییەکان بمێنینەوە لەگەڵ وڵاتان و هاوپەیمانەکان و ڕکابەرەکانیشیاندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG