Accessibility links

کاردانەوەی تاڵیبان لە بەرامبەر لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە ئەفغانستان


سەرۆک ترامپ لە وتاری ساڵانەی خۆیدا، پـشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ وتووێژەکانی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان لە ئەفغانستاندا، گوتی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی کاردەکات بۆ کۆتایی‌هێنان بە درێژترین شەڕی ئەمەریکا تاوەکو سەربازەکان لە ئەفغانستانەوە بگەڕێنەوە وڵات.

تاڵیبان بەخێرایی وەڵامی قسەکانی شەوی سێشەممەی سەرۆک ترامپی دایەوە، دەڵێت " هەنگاو پـراکتیکی نەوەک تەنیا قسە" لەلایەن ڕێبەری ئەمەریکاوە دەتوانێت کۆتایی‌بهێنێت بەو شەڕەی 18 ساڵە بەردەوامە.

ترامپ لە وتارەکەیدا لە کۆنگرێس، ستایشی هیزە سەربازییەکانی ئەمەریکای کرد لە بەرامبەر ئەنجامدانی "بەرەوپـێشچوونی گەورە" و گوتی "وتووێژەکانی ئاشتی بەڕیوەدەچن"، ئاماژەیەکە بۆ دانوستاندنەکانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان کە بۆ چەند مانگێگ لە قەتەر بەڕێوەچوون.

ترامپ گوتی " ئێمە کاردەکەین بۆ کۆتایی‌هێنان بە درێژترین شەڕی ئەمەریکا تاوەکو هیزەکانمان بگەڕێنەوە بۆ وڵات." ترامپ گوتیشی " نامەوێت سەدان هەزار کەس لە ئەفغانستان بکوژم، کە زۆربەیان خەڵکی بێتاوانن. هەروەها ئەرکی ئێمە ئەوە نییە وەک ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسا خزمەتی وڵاتی دیکە بکەین.

وتەبێژی تاڵیبان، زەبیحولا موجاهید، لە وەڵامی دەنگی ئەمەریکادا لە بارەی کاردانەوەی کۆمەڵەکەیان بۆ قسەکانی ترامپ گوتی" شەڕی ئەفغانستان لە بەرژەوەندی کەسدا نییە".

موجاهید گوتی ئێمە هەروەها دەمانەوێت ئەمەریکا ئەو شەڕ ببڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە داگیرکردنی ئەفغانستان بهێنیت و خەڵکی ئەفغانستان بە ئازادانە بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن. جەختیشی کردەوە کە "دەبێت دەنگی کردارەکان بەرزتر بن لە قسە و بەڵێنەکان".

نوێنەرانی ئەمەریکا و تاڵیبان زیاتر لە ساڵیکە دانوستاندن دەکەن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاشتیـیانە کە ڕێگە خۆشبکات بۆ کشانەوەی وردە وردەی ئەو 13 هەزار سەربازەی ئەمەریکا لە ئەفغانستانن.

ئەگەر ڕێکەونتەکە ئیمزا بکرێت، ئەوا ئەوەش لە خۆ دەگرێت کە دەستەبەجێ دانوستاندنی لە نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا دەستپـێبکاتەوە سەبارەت بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتەکە وە چۆن لە ئایندەدا و لە ئەفغانستانی دوای شەڕ دەسەڵاتەکان دابەشبکرێن.

بەڵام لەم مانگانەی دوایی دانوستاندنەکان کێشەیان تێکەوت و هەر یەکەیان ئەوی دیکە بە پەکخستنی وتووێژەکانتاوانبار دەکات.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ پێداگری دەکات لەسەر کەمکردنەوە بەرچاو و هەمیشەیی توندوتیژی لە لایەن تاڵیبانەوە. تاڵیبان بە وەستاندنی کردەوەکانی خۆی ڕازی نەبووە تا ئەو کاتەی هەردوولا نەگەنە ڕێکەوتن و واژۆی ئاگربەست نەکرێت.

نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت تەنیا لە ساڵی 2009 وە تاوەکو ئێستا، شەڕ لە ئەفغانستان بووەتە هۆی کوژران و بریندارکردنی زیاترلە 100هەزار کەسی سیڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

‌‌لە ساڵی 2001 وە تاوەکو ئێستا، 2400 سەربازی ئەمریکا لە ئەفغانستان کوژراون و تریلیۆنێک دۆلار خەرچ کراون.

XS
SM
MD
LG