Accessibility links

تورکیا بە پەلە یارمەتی مرۆیی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە لە هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات


تورکیا یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماوی هەرێمی کوردستان ناردووە، ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی دوێنێ شەوی یەکشەممە زیان بە ماڵ و حاڵیان گەیشت لە هەڵەبجە و دەربەندیخان و ناوچەکانی دەوروبەریان.

کەرەم کینک جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی مانگی سووری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی ڕاگەیاند 33 ماشێنی بارهەڵگر کە 3 هەزار خێوەت و هیتەر و 10 هەزار جێگای نووستن و خۆراکیان هەڵگرتووە، لە دەروازەی خاپور بۆ عێراق بەڕیونەتەوە و بەرەو شاری سلێمانی بەڕێکەوتوون.

هەروەها فڕۆکەیەکی بارهەڵگری تورکیش گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە تیمێکی فریاگوزاری و یەکەیەکی پـزیشکی گواستووەتە تاوەکو یارمەتی بدەن لە هەوڵەکانی فریاگوزاری.

محەمەد غوللو سەرۆکی بەڕێوەبەری باری نائاسایی و کەرەساتەکانی تورکیا، ئەویش بە فڕۆکەکە گەیشتووەتە سلێمانی و لەوێ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی گوتووە خێوەت و بەتانی و پـێداویستی پـزیشکیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. گوتیشی سەرەتا بۆ شارۆچکەی دەربەندیخان دەڕۆن و پاشان بەرەو شاری هەڵەبجە.

لە لایەکی دیکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە میانەی گەشتەکەی بەرەو سوچی ڕووسیا بە ڕۆژنامەوانانی گوت تورکیا لە ساتە سەختەکاندا لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدایە، وە هیوای خواست هەردوو خەڵکی عێراق و ئێران بە زوویی لە پاش بوومەلەرزەکە ژیانیان ئاسایی ببێتەوە. گوتیشی 50 ماشێنی بارهەڵگری پـڕ یارمەتی تورکی لە سنوور پەڕیونەتەوە بەرەو عێراق.

هەروەها بێنالی یڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا پـرسە و سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

گوتیشی تورکیا بە هەموو تواناکانیەوە لە پاڵ خەڵکی عێراقدا دەبێت و لە ئێستادا یەکەم کاروانی یارمەتی مرۆیی بە پەلەی خۆی ڕەوانەکردووە.

XS
SM
MD
LG