Accessibility links

لە ئەنجامی هێرشی چەکدارێکی توندڕەو لە لوبنان 4 کەس لە هێزەکانی ئاسایش و لەشکر کوژراون


کاربەدەستانی ئاسایشی لوبنان دەڵێن لە ئەنجامی هێرشی چەکدارێکی توندڕەو لە شاری تەرابلوسی باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە 4 کەس لە هێزەکانی ئاسایش و لەشکر کوژراون.

خانم ڕەیا حەسەن وەزیری ناوخۆی لوبنان ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەوانان لە بارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووەوە گوتی هێرشبەرەکە تەنیا هەر خۆی بووە و ناسراوەتەوە، ناوی عەبدولڕەحمان مەبسوتە و ئەندامی پـێشووی داعش بووە.

کاربەدەستانی پـۆلیس دەڵێن هێرشبەرەکە سەرەتا لە نزیک بازنەی مینای شارەکە 2 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی کوشتووە کاتێک لە ئۆتۆمبیلەکەیان هاتبوونە دەرێ. پاشان بەرەو بنکەیەکی لەشکری نزیک ئەو شوێنە ڕۆیشتووە و لەوێش تەقەی لە سەربازەکان کردووە و لە ئاکامدا ئەفسەرێک و سەربازێک کوژراون.

دواتر خۆی کردووە بە بینای ئەپارتمانێک و لەوێ لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ چەند کاتژمێرێک گەمارۆدراوە، بەڵام ئامادە نەبووە خۆی بدات بەدەستەوە و سەرئەنجام خۆی تەقاندووەتەوە بەم بۆمبانەی لەخۆی بەستبوون.

سەرچاوەکان دەڵێن ناوبراو لە ساڵی 2014 شەڕی لە دژی لەشکری لوبنان کردبوو و لە ساڵی 2015 چووەتە ناو سوریا و لە پارێزگای ئیدلیب پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو و پاشان گەڕاوەتەوە لوبنان و لە ساڵی 2016 دەستگیرکرابوو و لە پاش ساڵێک ئازادکراوە.

XS
SM
MD
LG